19 خولەک پێش ئێستا
75 جار خوێنراوەتەوە
ڕاپۆرت؛ عهرهبێك وهك جێگری سهرۆكی كنێستی ئیسرائیل ههڵبژێدرا
پهیام
کنێستی ئیسرائیل ئەحمەد تیبی بە جێگری سەرۆک و ئەڤیگدۆر لیبەرمانی بە سەرۆکی لیژنەی دەرەوە و ئاسایش هەڵبژارد، هاوکات بەرەی گادی ئایزنکۆت دانوستانی نهێنی لەسەر دۆسیەی سەربازیی حەریدییەکان دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەحمەد تیبی سەرۆکی لیستی هاوبەشی عەرەبی وەک جێگری سەرۆکی کنێست هەڵبژێدراو هەروەها ئەڤیگدۆر لیبەرمان، ڕێبەری پارتی ڕاستڕەوی ئۆپۆزسیۆنی «ئیسرائیل ماڵمانە» بە سەرۆکی لیژنەی دەرەوە و ئاسایش هەڵبژێردرا، دوای هەڵبژرادنیشی؛ لیبەرمان دەستبەجێ سەرۆکی دەزگا ئەمنییەکانی بۆ کۆبوونەوەی لیژنەکە بانگهێشت کرد و جەختی لە ئاشکراکردنی دەستوەردانی نایاسایی نووسینگەی بنیامین نهتەنیاهوو لە هەڵبژاردنەکاندا کردەوە.
لیبەرمان ئاشکرای کرد ئێوارەی ئەمڕۆ تاوتوێی پڕۆژەیاسای سەربازی دەکات کە یاسایەک بۆ هەمووان نابێت، بەڵکو سازشێکی هاوسەنگە و دەبێت ڕەزامەندیی سوپاسالار، دادگای باڵای دادپەروەری و حاخام دۆڤ لاندۆی ڕێبەری ئایینیی حەریدییەکان بەدەست بهێنێت؛ ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ڕاکێشانی پارتە حەریدییەکان بەرەو پشتیوانیکردنی گادی ئایزنکۆت، سەرۆکی پارتی «یەشار».
لای خۆیەوە، بنیامین نهتەنیاهوو سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر داوای حکوومەتێکی یەکێتیی نیشتمانیی کرد بۆ ئەو پارتانەی کە ئیسرائیل بە دەوڵەتی گەلی جوولەکە دەزانن و جەختی لە مانەوەی لەگەڵ هاوپەیمانە حەریدییەکان کردەوە.
لە ئێستادا لە ئیسرائیل، بەخشینی خوێندکارە ئایینییە حەریدییەکان لە سەربازی، کۆسپی سەرەکیی بەردەم پێکهێنانی حکوومەتە، لە کاتێکدا بەرەی گۆڕانکاری داوای فراوانکردنی سەربازی دەکات.
ڕۆژنامەی «هائارێتس» ئاشکرای کرد ماوەی هەفتەیەکە دانوستانی نهێنی و خێرا لەنێوان بەرەی ئایزنکۆت و حزبی «یەهدوت هەتۆرا»دا هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر و دوورکەوتنەوە لە فشارە چڕەکانی نهتەنیاهوو، هەرچەندە یەعقووب ئاشێر سەرۆکی ئەو پێشکەوتنانەی ڕەت کردەوە.
یەهدوت هەتۆرا داوای ڕاگرتنی پرۆسەی دەستگیرکردنی هەڵاتووانی سەربازی بەبێ جیاوازی دەکات و ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن، ئایزنکۆت بە پشتیوانیی پارتە عەرەبییەکان حکوومەتێکی یەکڕۆژە پێکدەهێنێت و دەچێتە هەڵبژاردنەوە.
لەلایەکی ترەوە، ئایزنکۆت یەکشەممە لە تۆڕی «ئێکس» و لە کاردانەوەی ڕاپۆرتێکی «کەناڵی ١٢» سەبارەت بە تێوەگلانی ستافی نهتەنیاهوو لە دەستگیرکردنی چالاکوانانی «لیستی عەرەبیی یەکگرتوو» لە ڕۆژی هەڵبژاردن بە پێدانی زانیاریی هەواڵگریی چەواشەکارانە بە پۆلیس، نهتەنیاهووی بە هەڕەشە بۆ سەر دیموکراسی ناو برد و وتی نابێت خولەکێکی دیکە بمێنێتەوە، بەڵێنی لێکۆڵینەوەشی لە دەزگا ئەمنییەکان دا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە