21 خولەک پێش ئێستا
79 جار خوێنراوەتەوە
زەنگی ئاگادارکردنەوە لە کێڵگەی کۆرمۆر لێدرا
پەیام
دوو سەرچاوەی ئەمنی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە دوای فڕینی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بەسەر کێڵگەی گازی کۆرمۆردا لە هەرێمی کوردستان، زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە.
سەرچاوەکان هیچ وردەکارییەکی دیکەیان لەبارەی ڕووداوەکەوە نەخستووەتە ڕوو، لە کاتێکدا کۆرمۆر بە یەکێک لە گەورەترین کێڵگەکانی گاز لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت.
هەفتەی ڕابردووش پرۆسەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر ڕاگیرا، ئەویش لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنی کە کێڵگەکەی بە ئامانجگرتبوو، ئەو هێرشە بووە هۆی لەکارکەوتنی ٢,٨ گێگاوات لە بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، هاوکات دانە غاز ڕایگەیاند ئەو ئاگرەی کوژاندووەتەوە کە لە ئەنجامی هێرشەکەدا کەوتبووەوە.
پێشتریش پرۆسەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکەدا چەندین جار لە ئەنجامی چەند هێرشێکەوە پەکی کەوتووە و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش ئەو گرووپانەیان تۆمەتبار کردووە کە لە ژێر دەسەڵات و ڕکێفی حکومەتی فیدڕاڵیدا نین.
لە مانگی تەممووزیشدا، دانە غاز دامەزراوە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی لە کێڵگەکەدا ڕاگرت و بە وتەی خۆی هۆکارەکەی بۆ بوونی هەڕەشەی ئەمنیی گەڕاندەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە