16 خولەک پێش ئێستا
40 جار خوێنراوەتەوە
بەڵگەنامەیەكی نوێ بەقاچاخبردنی نەوت لە هەرێمەوە ئاشكرا دەكات
پەیام
بەڵگەنامەیەكی نوێی هەواڵگریی عێراق پەردە لەسەر پڕۆسەی بەقاچاخبردنی نەوت
لە هەرێمی كوردستانەوە بە ئاڕاستەی توركیا و ئێران لا دەدات.
بەڵگەنامەیەكی نهێنی هەواڵگریی عێراق كە پێگەی هەواڵی حوڕەی ئەمریكی بڵاوی
كردووەتەوە، ئاشكرای دەكات كە تۆڕەكانی قاچاخی نەوت لە دزینی ناوخۆییەوە گۆڕاون بۆ
سیستەمێكی لۆجستیی تەواو كە نەوتی خام و بەرهەمە نەوتییەكان لە كەركووك و هەرێمی
كوردستانەوە بەرەو ئێران، ئەفغانستان و توركیا دەگوازنەوە.
بەپێی بەڵگەنامەكە، یەكەم ڕێڕەو لە كێڵگەكانی نەوتی باكووری كەركووكەوە دەست
پێدەكات و بە ڕێگای سلێمانی و دەروازەكانی باشماخ و پەروێزخان دەگاتە ئێران، لەوێ
نەوتی عێراقی تێكەڵ بە بەرهەمە نەوتییە ئێرانییەكان دەكرێت و بە ناوی بەرهەمی عێراقییەوە
بەرەو ئەفغانستان دەگوازرێتەوە.
ڕێڕەوی دووەمیش لە كێڵگەی فیشخابووری دهۆكەوە دەڕوات، كە بەڵگەنامەكە بە
ناوەندێكی لۆجستیی گرنگی قاچاخی نەوتی دادەنێت. لەم ڕێڕەوەدا نەوتی كێڵگەكانی تاوكی
و فیشخابوور بە تانكەرەوە بەرەو توركیا دەگوازرێتەوە، بەبێ ئەوەی بە تەواوی لە
چوارچێوەی فرۆشتنی فەرمیی نەوتدا بێت.
بەڵگەنامەكە، كە پشت بە وێنەكانی مانگی دەستكردی و ئاسمانی دەبەستێت، زیادبوونی
ژمارەی تانكەر و كۆگاكان لە ناوچە سنوورییەكاندا پیشان دەدات.
لە بەشی ڕاسپاردەكاندا، بەڵگەنامەكە پێشنیاری دەستپێكردنی لێكۆڵینەوەیەكی
دارایی، بەكارهێنانی سیستەمی (جی پی ئێس) بۆ تانكەرەكانی گواستنەوەی نەوت لە پارێزگاكانی
هەرێمی كوردستان و كەركووك و گرتنە بەری ڕێكاری یاسایی دژی لایەنە تۆمەتبارەكان دەكات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە