18 خولەک پێش ئێستا
93 جار خوێنراوەتەوە
عێراق.. چهند بهرپرسێك له دۆسیهی بهقاچاخبردنی نهوت سزا دران
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق ڕایگەیاند، بەڕێوەبەری هۆبەی بازگەکانی نەوتی نەینەوا و ڕێپێدراوێکی پۆلیسی وزە بە تاوانی ئاسانکاری بۆ بەقاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکان، بە حەوت ساڵ زیندانیکردن سزا دران.
دەستەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دادگای تاوانەکانی نەینەوا بە ئامادەبوونی خۆیان، سزاکەی بەسەر بەڕێوەبەری هۆبەی بازگەکانی نەوت لە پارێزگای نەینەوا و ڕێپێدراوەکەی پۆلیسی وزەدا سەپاندووە، ئەوەش بە هۆی تاوانباربوونیان لە دۆسیەی ئاسانکاریکردن بۆ بەقاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ دەرەوەی پارێزگاکە. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، دۆسیەکە پەیوەست بووە بە تۆڕێک لە ئەفسەران و کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکان کە بە هاوکاری لەگەڵ ژمارەیەک قاچاخچیدا ئەو کارەیان ئەنجام داوە.
دەستەی دەستپاکی ئاشکرای کردووە، پرۆسەکانی بەقاچاخبردنەکە لە ڕێگەی ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێل و تانکەرەوە ئەنجام دراون، ئەوەش لەبەرانبەر پێدانی بڕە پارە بە بازگەکانی سەر بە پۆلیسی نەوتی نەینەوا تاوەکوو ڕێگە بە تێپەڕبوونی ئەو ئۆتۆمبێلانە بدرێت کە سووتەمەنییان بار کردبوو. هاوکات دۆسیەکە وەرگرتنی سەرانە و بڕە پارەی لە سەرجەم گۆڕەپانەکانی قاچاخچێتیی نەوت لە پارێزگاکەدا لەخۆ گرتبوو.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا، دادگا سزای پێبژاردنی دارایی بە بڕی ١٠ ملیۆن دیناری عێراقی بەسەر هەردوو تاوانبارەکەدا سەپاندووە و لە ئەگەری نەدانی ئەو بڕە پارەیەدا، سزای سێ ساڵ بەندکردنی دیکەیان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت کە دوای تەواوبوونی ماوەی سزا سەرەکییەکە دەست پێ دەکات. دەستەی دەستپاکی ڕوونی کردووەتەوە، دادگا ئەو بەڵگانەی لە دۆسیەکەدا کۆ کرابوونەوە بە تەواو و بڕواپێکەر زانیوە بۆ تاوانبارکردنی هەردوو تۆمەتبارەکە و سزاکانیشی بە پشتبەستن بە بڕگەکانی بڕیاری ژمارە ١٦٠ـی ساڵی ١٩٨٣ و ئەو ماددانەی یاسای سزادانی عێراقی دەرکردووە کە تایبەتن بە بەشداریکردن لە تاواندا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە