22 خولەک پێش ئێستا
130 جار خوێنراوەتەوە
واشنتن پۆست: ئێران تۆڕی ستارلینک لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکادا بەکارهێناوە
ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاوی کردەوە کە ئێران خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی "ستارلینک" ی سەر بە کۆمپانیای سپەیس ئێکس بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی هێزەکانی ئەمریکا بەکارهێناوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە، ئیلۆن ماسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سپەیس ئێکس دوای ئاگاداربوونەوەی لە دوو حاڵەتی بەکارهێنانی بێمۆڵەتی ستارلینک کە پەیوەندییان بە هەوڵەکانی ئێرانەوە هەبووە دژی هێزە ئەمریکییەکان، تووڕەیییەکی توندی لێکەوتووەتەوە؛ سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە سوپای ئەمریکاش ڤێرژنی سەربازیی ئەو تۆڕەی بە ناوی "ستارشێڵد" بۆ بەڕێوەبردنی درۆنەکان لە ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکاندا بەکارهێناوە.
پێنتاگۆن لە ڕێگەی بەیاننامەیەکەوە ڕایگەیاند ئاگاداری ڕاپۆرتێکی لەو شێوەیە نییە کە پێشکەشی وەزیری بەرگری پێت هێگسێت کرابێت، و کۆمپانیای سپەیس ئێکس و وەزارەتی دەرەوەی ئێران هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەم بابەتە نەداوە.
ئەم بەکارهێنەرە نافەرمییەی ستارلینک لە ناوچە پڕمەترسییەکاندا لە کاتێکدایە کە ئەم خزمەتگوزارییە مۆڵەتی فەرمی بۆ کارکردن لە ئێران نییە، هەرچەندە پێشتر ئیلۆن ماسک ڕایگەیاندبوو کە تۆڕەکە لەو وڵاتەدا کارا کراوە. پرسی بەکارهێنانی نایاسایی ستارلینک لەلایەن لایەنە سزادراوەکانەوە لە سەرتاسەری جیهاندا، نیگەرانیی گەورەی لەسەر ئاستی بەڕێوەبردنی تەکنەلۆژیای مانگی دەستکرد لە کاتی ململانێ سەربازییەکاندا دروست کردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە