12/09/2022 333 جار خوێنراوەتەوە

سەمونێ بۆ شیفا

تۆفق کەریم

 

+ كوڕینە خێرا سەروتارەكەم بۆ تایپ كەن با سەیرێكی بكەم و بچم .
ـ كات زۆر درەنگە، گەر ئەمشەو نەگەڕێیتەوە باشترە، ڕۆژنامەەكش تەواو دەبێت و ....
ـ بە خوا ڕێبوار ڕاست دەكات، چەند تامەزۆرین شەوێك لامان بمێنیتەوە.
+ نا .. نا... ئەم تەكلیفەیان مەكەن، خۆتان دەزانن تازە بارمانكردۆتە ئەو گوندە و منداڵەكانیش تەنهان، بارودۆخەكەش ئاسایی نییە.
ـ گەر قسەی ڕێبوار و هێمن نەشكێنیت – كە زۆرت خۆش دەوێن – شێوی ئێوارەتان لەسەر من و گەرمكردنەوەی كۆڕە شیعرییەكەش با لەسەر ئاكار بێت.
+ خەریكن بەزم خۆشدەكەن, وازم لێبێنن با بگەمەوە لای شیفا.
(بەرهەم لاپەڕەیەكی تایپكراوی خەستە بەرجەمی) :
ـ فەرموو سەروتارەكە تەواو... گەر هەڵەچنی دەكەیت.
+ ئای دەستەكانت خۆش ... چەند كارت خێرایە .. هەر بژیت. بەرهەم گیان، كە كارەكەت تەواو بوو، بیرت نەچێت وێنەكەی شیفا ببەیت بۆ ڕێباز با لە لاپەڕەی هاوڕێیانی خەندەدا بڵاوی بكاتەوە.
ـ بێقەزا بیت نازانم تۆ بۆ شیفاخان و خەندەت هەمیشە لە یادە؟
+ بەرهەم گیان، ئەگەر نازانیت، من خۆشەویستی و خەمم بۆ پەروەردەی شیفا و هاووێنەكانی هاندەرم بوون بۆ بڵاوكردنەوەی گۆڤاری خەندە، ئەویش تەواو هۆگری خەندەیە. خۆئەگەر ئەم ژمارەیە وێنە ڕەنگاوڕەنگەكەی خۆی پێوە ببینێت، هەر مەپرسە.... چەند پێی خۆش دەبێت، باوەڕ بكە لە سەرەتاوە تا دوا لاپەڕە پێم دەخوێنێتەوە.
لەم قسانەدا بوون و دەنگی تەق و تۆقێكی زۆر قسەكانی پێبڕین و هەمووانی گوێ قوڵاخ كرد و لەناو خۆیاندا كەوتنە پرسیاركردن.
ئەو كە زۆر پەلەی گەڕانەوەی بوو، تەلەفۆنەكەی هەڵگرت و كەوتە هەواڵ پرسین، پاش كەمێك هەواڵی زانی كە تەقە و هەراكە دوورە لەوان و پەیوەندی بەوانەوە نییە، بەڵام بارودۆخی ئاڵۆز كردووە و شار شڵەژاوە، هاتوچۆ ئاسایی نییە، ئیتر خێرا خۆی كۆكردەوە و بە شۆفێرەكەی وت حازر بن با دەرچین، تكای هاوڕێكانی وەرنگەرت و بەو لێزمە بارانە سواری ئۆتۆمبیلەكە بوون و خودا حافیزییان لێكردن . هەر گەشتنە سەر جادە بە شۆفێرەكەی وت:
+ ئەگەر لە بازاڕەوە بچیت باشترە.
ـ خەریكە شەو دادێت و ناوبازاڕیش ئاسایی نییە، ناكرێت ڕاست دەرچین؟
+ چاوەكەم مەرج نییە هەر بازاڕ، گرنگ ئەوەیە لای سەمونخانەیەكەوە بچیت.
- ئا.. تێگەیشتم، دیسان شیفاخان داوای صەموونی شاری لێكردوویت و تۆیش ....
+ ناتوانم دڵی بشكێنم ... وەڵڵا وایە ... چاكت زانی.
- نازانم جەنابت ئەم هەموو نازە چییە دەیدەیت بەو كچە؟
(ئەم وەڵامی نەدایەوە، بەڵام خەیاڵی بروسكە ئاسا گەڕاندیەوە بۆ پێنج ساڵ پێشتر, ئەو ڕۆژانەی كە لە ژێر باری گرانی نەخۆشییەكی سەختدا بوو، ئەو كاتانەی دكتۆر و دەرمان نەما تاقییان نەكاتەوە، بەڵام بێ سوود و بێ ئەنجام، تەنانەت ناچاری هەندەرانیش بوو بەڵام بێهوودە.
ئەو كاتە ئەم بەو باری گرانی نەخۆشییەی خۆیەوە هەر بیری لای كۆرپەی داهاتوویان بوو، چونكە هاتنە دنیای كۆرپەیەكی كچ بەلای ئەوەوە بەدیهاتنی ئاواتی چەند ساڵەی بوو، تا پاش گەڕانەوەی لە هەندەران خۆزگەكەی هاتەدی و دڵی ئۆقرەی گرت و ناوی نا (سایە)، بە ئومێدی سایەداری و حەوانەوە، جگە لەوەش ئەو یەكجار هۆگری پەڕاوی (فی ظلال) بوو بوو، خۆی بە شەیدای ئەو شاكارە مەزنەی (سەید) دەزانی و حەزی دەكرد ناوی ئەو شاكارە بەرز و زیندوو ڕابگرێت.
هەفتەیەك بەسەر ناونانەكەیدا تێپەڕی كردبوو، (بەڕێز)ی هاوەڵی هاتە سەردانی و ناوی كۆرپەكەی پێ گۆڕی بە (شیفا)، بەو ئومێدەی هاتنە دنیای ئەو كۆرپەیە هۆكاری شیفابەخشی بێت لای پەروەردگار، ئەو پێشنیازی هاوەڵەكەی قەبوڵ كرد و قسەكەی نەشكاند، دڵی بەو گەشبینییەی خۆش بوو.
ئیرادەی پەروەردگاریش وەها بوو دوابەدوای هاتنە دنیای ئەو كیژۆڵەیە سات لە دوای سات باری نەخۆشییەكەی سووكتر دەبوو، تا بە یەكجاری شیفای بۆ هات و نەخۆشی و ئاسەواری نەخۆشی ون بوون بەیەكجاریی، بۆیە تا دەهات زیاتر خۆشەویستی و هۆگری بۆ ئەو كیژە زیادی دەكرد).
- لەو كاتەوە لە زاڵگە دەرچووین ... ئەو ئۆتۆمبیلە پڕ چەكدارە شوێنمان كەوتوون.
+ تۆ بڵێی؟!
- جەنابت سەرت داخستبوو نازانم بیرت لە چی دەكردەوە؟
- ئێمە سەرنجمان داوە... چاودێریمان دەكەن.
+ گرنگ نییە ئێمە هیچ گومانمان لە خۆمان نییە ... هەرچەندە حاڵەتەكە نائاساییە، بەڵام پەیوەندی بە ئێمەوە نییە.
- ئەوا پێشمان دەكەوێت با بیوەستێنین.
- ئێمەش چەكمان پێیە بۆ ڕای نەگرین، بزانین بۆ وا دەكەن.
+ نەخێر ... بۆ وا شپرزە بوون ... ئێمە هیچ گرفتێكمان نییە... هەرچەندە شەوە، بەڵام وا دەگەینە زاڵگەی پێشەوەمان.
ئۆتۆمبێلەكە پێش ئەمان گەیشتە زاڵگە و كەمێك وەستاو ڕۆیشت.
دواتر ئەمانیش گەیشتن ،زاڵگەكە بە بیانووی هەواڵ پرسینەوە ئەمانی دواخست، پاشان بە داوای لێبوردنەوە بەڕێیكردن، هەرئەوەندە لە زاڵگەكە دووركەوتنەوە كەوتن بەسەر بۆسەیەكی مەحكەمدا، ئەم هاوڕێیانی ئارام كردەوە و ئۆتۆمبیلەكەی ڕاگرت و وەستان.
- فەرموون كاكە چیتان دەوێ؟
- داوای لێبوردن دەكەین ... دەبێ بگەڕێنەوە.
+ كاكە بۆ خێرە؟
- نازانم بەڵام لە شارەوە ئاگادار كراوین.
+ زۆر پێویستە بڕۆین ... ماڵمان ...
- لەگەڵ ڕێزماندا، گەر لای ئێمە بمێننەوە سەرچاو... گەر دەشگەڕێنەوە ئارەزووی خۆتانە.
كە زانی قسەكردن بێسوودە بە تووڕەبوونێكی پەنگخواردووەوە بە هاوڕێكانی وت:
+ با بگەڕێینەوە.
(باش بوو نەگەڕاینەوە بۆ شار، كێ دەیزانی چی چاوەڕێی دەكردین كێ دەڵێ ئەو گەڕانەوەیە چی لە ژێر سەردا بووبێت . خێری پێوە بێت.. بەس نەبوو ئەم خزمانەش هەبوون لێرە لابدەینە لایان.
ئەدی من بۆ خەو لە چاوم تۆراوە، هاوڕێیانم زیاد لە سەعاتێكە پرخەی خەویان دێت، ئەم لێزمەبارانەی ئەم شەو كە هەر خۆش ناكات، خێردار بێت، بەڵام نازانم من بۆ لێی دەترسم؟ هیچ نییە .... هەرچەندە ماڵ و منداڵ هەرگیز لە لادێ نەژیاون و .... قەیدی نییە، ئەو ڕێگایە گرتوومانەتەبەر لە ماڵ و منداڵ ئازیزترە و زیاد لەوەش قوربانیی دەوێت) .
************************
+ ئادەی كوڕینە هەستن وا كاتی نوێژە، نوێژەكانتان بكەن با بەڕێكەوین بڕۆین.
– بەڵێ... ئەمشەو چەندجار خەبەرم بوویەوە، جەنابت هەر بەخەبەر بویت.
+ ڕاست دەكەیت.. خۆشم هۆكەی نازانم.. بەڵام تا ئێستاش هەر دڵم دەگوشرێت.
- هیچ نییە، خوا گەورەیە.
تا ئەمان ئامادە بوون و هەواڵی ڕێگەیان زانی و بەنیازبوون بەڕێكەون، چەند دۆستێكی دۆزییانەوە و جەختیان لەسەر ئەوە كرد كە لەگەڵیدا بگەڕێنەوە. ئەو بەو هاتنەی ئەوان لەو كاتەدا و بەو شێوەیە، دڵی داخورپا و گومانی بۆ دروستبوو، بەڵام نەیدركاند.
كە سواریش بوون بێدەنگییەكەیان ئەوەندەی تر گومانەكەی زیادی كرد.
+ براینە بۆ شتێكم پێ ناڵێن؟
- چیت پێ بڵێین .... هیچ نەبووە ... بەلام هەرچیش لای خواوە بێت دەسەڵات چییە؟
- ڕازین بە قەدەری خوا .
- ئەوەی ڕاستی بێت ئەمشەو .... بارانێكی زۆر باریوە وتمان با لەگەڵتا بێین، هەرچەندە شتی وامان نەبیستووە.
ئەم بەو تووێژە كورتە زۆر شت حاڵی بوو، هەرچەندە ئەوان شتی وایان نەدركاند، بەڵام دنیا دیدە لە ئاماژە تێدەگات .
هاتنی ئەو خەڵكە و دڵدانەوەكانیان گومانەكانی زیاتر دەكرد و پرسیاری زۆری بۆ دروستكرد:
(تۆ بڵێی شیفا لەو سەموونانە نەخوات... ؟ ... ؟ ...؟ ...؟ (...) (....) .
******************
دەستڕاگرتنی دراوسێكەیان پێش لادانی ئۆتۆمبێلەكە بۆ ڕێگەی گوندەكەیان، گۆمی بێدەنگی شڵەقاند:
- با لانەدەین ڕاست بڕۆین.
+ بۆ كوێ؟
- بۆ سەر قەبران! خێرابقەڵكو فریا كەوین.
+ ها... چی بووە؟! .. كێ؟! ...
- شیفا ....
نەیتوانی زیاتر بڵێ و قوڕگی پڕبوو لە گریان.
+ كێی تر ... قسە بكە...
- نا ... بە خوا ئەوان ماون لە خەستەخانەن. كە لافاوەكە هەرەسی بە دیوارەكە هێنابوو، بەو نیوە شەوە تا دراوسێكان فریایان كەوتبوون و لە ناو قوڕ و لیتەكەدا دەریانهێنابوون، شیفا گیانی لەدەستدا، بەڵام ئەوان هێشتا ماون هەرچەندە لە هۆش خۆچوون و ئێستا لە خەستەخانەن.
ئەو هێشتا سەموونەكانی بەدەستەوە بوو، قیامەتێك لە دەروونیدا بەرپا بوو، بە چاوی پڕ فرمێسكەوە وتی:
+ "إنا لله وإنا الیە راجعون".
پاش چەند ڕۆژێك گۆڤاری خەندە دەرچوو، وێنە دڵگیرەكەی(شیفا)شی پێوە بوو، بەلام بە تەنیشتی پرسەنامەیەكەیەوە.

تێبینی:

ـ کارەساتەکە ئەو شەوە روویدابوو،هەوڵی کوشتنی سەرۆک وەزیران(دبەرهەم ساڵح)درا،منیش لەسلێمایەوە کە بەپەلە گەڕامەوە بەرەو خورماڵ، برادەران بەد گومان بوون لەو پەلەکردنە.

ـ لە زیندان ئەم یادەوەریە راستەقینەیەی کە لە 22،4،2002 کە بەسەرماڵومنداڵمدا هات،کوڵێکی تاقەتپڕوکێنبوو ،لەچوارچێوەی چیرۆکێکی واقعیدا دامڕشت وهاوڕێکانیشمم پێ تازیەبارکرد.

ئوم قەصر 12/2/2004


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 24/12/2024

    پەیوەندی نێوان ئیسلام و ئەدەب چییە

  • 21/11/2023

    رووانینی تەڵعەت تاهیر بۆ ئەدەبیات چییە؟

  • 18/05/2023

    غەزەل لە شیعری ئەمڕۆی هەورامیدا

  • 27/12/2022

    خدر کۆساری کێ بوو؟

  • 22/12/2022

    ئایا هۆنراوەی (شەوی يەڵدا) شیعری (نالی)یە، یان (کوردی)

  • 03/12/2022

    ڕۆمانی شازاده‌ و شاعیر یان باخێك له‌ گوڵی ژاكاو

  • 13/10/2022

    کێشمە کێشی مەولود لە نێوان زانایانی دوێنێ و ئەمڕۆماندا

  • 12/10/2022

    مانگی مەولود، کایگەریی ناوی پێغەمبەر لەسەر ناونان لە کوردەواریدا

سەرەتا