1 کاتژمێر پێش ئێستا
113 جار خوێنراوەتەوە
موقاوەمەی ئیسلامیی عێراق: 171 پێشێلكاریی لە ئاسمانی عێراق تۆماركراون
پەیام
بەرەی ناسراو بە موقاوەمەی ئیسلامیی عێراق ئاماری پێشێلكاری ئاسمانیی ئەمریكا لە عێراق بڵاو دەكاتەوە و داخستنی فڕۆكەخانە و دەروازەكانیش بە ڕووی ئێراندا بە هەژموونی بڕیاری ئەمریكا ناو دەبات.
لە ڕاگەیەنراوێكدا، بەرەی ناسراو بە موقاوەمەی ئیسلامیی عێراق ئاشكرای دەكات "ئەمریكا لە پێشێلكردنی سەروەریی عێراق و پابەندنەبوونی بە پابەندییەكانی بەرانبەر حكوومەتی عێراق بەردەوامە".
موقاوەمەی عێراقی كە چەند گرووپێكی چەكداریی شیعەی نزیك لە ئێرانن، لەوبارەوە ڕایدەگەیەنێت: لە نێوان 30ی مانگی ڕابردوو (ئەیلوول)، تا 23ی ئەم مانگە (تشرینی یەكەم) 171 پێشێلكاریی ئاسمانیی بەڵگەدار لەلایەن فڕۆكە شەڕكەر و هەواڵگرییەكانەوە، تۆمار كراون.
موقاوەمەی عێراقی دەشڵێت: ئەمە پێشێلكارییەكی ڕوونی ڕێككەوتنەكان و پابەندییەكانە و حكوومەت دەخاتە بەردەم پابەندییەكی ئاكاریی بەوەی بە ڕاشكاوی چی هەیە بۆ گەلی ئاشكرا بكات.
لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەنراوەكەدا، موقاوەمەی ئیسلامیی عێراق ئاماژە بۆ داخستنی فڕۆكەخانەكان و خاڵە سنوورییەكان لەگەڵ ئێران دەكات و ڕایدەگەیەنێت: ئەو بڕیارانە بە هەژموون و فشاری ئەمریكا دراون.
هەر لەو میانەیەدا بەرەی موقاوەمە پرس و بابەتی "سەروەریی نیشتمانی" دەخەنەوە بەر باس و دەڵێن: چۆن دەكرێت باس لە سەروەریی دەوڵەتێك بكرێت كە بڕیارەكانی لە دەرەوە كۆتوبەند و سنووردار بكرێن و هەژموونی ئەمریكا بەسەر سەربەخۆیی بڕیاری نیشتمانییدا زیاتر دەكەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە