5 کاتژمێر پێش ئێستا
342 جار خوێنراوەتەوە
عێراق بۆ هەرێم: چیتر 950 ملیار دینار لە بەرانبەر تەنیا 50 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ نانێرین
پەیام
بەغدا جەخت لە مەرجەكانی بۆ ناردنی مووچە دەكاتەوە و، داوای جێبەجێكردنی تەوتین و ڕادەستكردنی داهات دەكات.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە پەیامی ڕاگەیاند، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، ڕەتی كردووەتەوە هیچ بڕیارێك بۆ ناردنی مووچەی هەرێم دەربكات، سووربوونی خۆی لەسەر مەرجەكانیان دووپات كردووەتەوە.
دوای هەوڵی هەندێك بەرپرس و لایەن، سوودانی ڕایگەیاندووە، حكومەتی هەرێم خۆی ئەرقەلەی بۆ مووچە دروست كردووە، ئەوەش بە جێبەجێنەكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی و یاسای بودجە، كە تێیاندا جەخت لە ئەنجامدانی تەوتین و ڕادەستكردنی نەوت و داهاتە نانەوتییەكان كراوەتەوە.
سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە كردووە، چەندین مانگ ئەو لەسەر بەرپرسیارێتیی خۆی مووچەی هەرێمی ناردووە، بەڵام حكومەتی هەرێم كێشەكانی چارەسەر نەكردووە، بۆیە ئەویش چیتر ناتوانێت ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵبگرێت.
سەرچاوەكەی پەیام وتیشی، حكومەتی فیدراڵ بە ڕوونی بە حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمیان وتووە، چیتر ئامادە نین لە بەرانبەر 50 ملیار داهاتی مانگانە، نزیگەی یەك ترۆلیۆن دینار بۆ هەرێم بنێرن، بەڵكو دەبێت داهاتی نەوتی و نانەوتی ڕادەست بكەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە