5 کاتژمێر پێش ئێستا
90 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی دەستی لەكار نەكێشاوەتەوە و داواى خانەنشینبوونى كردووە
پەیام
سەرچاوەیەكی عێراقی دەستلەكاركێشانەوەی جاسم عەبود سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی ڕەت دەكاتەوە، بەپێی زانیاریەكانیش ناوبراو داوای خانەنشینبوونی كردووە، ئەوەش بەهۆی ناكۆكییەكانیان لەگەڵ ئەنجوومەنی دادوەری. ئەم هەنگاوە كێشەی زیاتر بۆ مووچە دروست دەكات.
دوای ئەوەی ئەمڕۆ دەستلەكاركێشانەوەی جاسم عەبود عومێری سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی عێراق لە پۆستەكەی بڵاو كرایەوە، سەرچاوەیەكی فەرمی لە دادگا ڕایگەیاند: هەواڵی دەستلەكار كێشانەوەی سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی ناڕاستە و، تا ئێستا هیچ بڕیارێكی فەرمی لەسەر ئەو بابەتە نییە، ئەگەر بابەتێكی لەو جۆرە هەبێت ئەوا بە فەرمی ڕادەگەیەنرێت".
سەرچاوەكەی دادگای فیدڕاڵی ڕوونیشی كردەوە، "دادگای باڵای فیدراڵی جگە لەو 9 دادوەرەی كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر داوای خانەنشینییان كردووە، دەستلەكاركێشانەوەی نوێ نەبووە.
سەرچاوەیەكی دیكە ئاشكرای كردووە، كە سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی دەستی لەكار نەكێشاوەتەوە، بەڵكو داواكاری بۆ خانەنشینبوون پێشكەش كردووە.
ئەم زانیاریانە دوای ئەوە دێت كە لە پێشهاتێكی چاوەڕوان نەكراودا 19ی حوزەیران 6 دادوەری سەرەكی دادگای فیدراڵی و 3 ئەندامی یەدەگ بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەیان دا، ئەوەش دوای چەند كاتژمێرێك بەر لەو دانیشتنەی كە بڕیار بوو لەسەر دۆسیەی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەڕێوە بچێت.
بەپێی هەندێك سەرچاوە، دەستلەكاركێشانەوە و داواكارییەكانی دادوەرانی دادگای فیدراڵی و سەرۆكەكەی، پەیوەندیی بە كێشەكانیان لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق و سەرۆكەكەی هەیە، كە لە ماوەكانی ڕابردوودا چەند جارێك لەسەر پرسی جیاواز كێشەی یاسایی كەوتووەتە نێوانیان و، ئەنجومەنی دادوەری دژی بڕیاری دادگای فیدراڵی وەستاوەتەوە.
ئەم دۆخە نوێیەی دادگای فیدراڵی، لەمپەرەكانی بەردەم ناردنی مووچەی هەرێم زیاتر دەكات، بەوپێیەی مووچەخۆران و فەرمانبەران چاوەڕوان بوون دادگای فەرمانێكی سالاری بۆ ناردنی مووچە دەر بكات و فشار لە حكومەتەكانی هەرێم و بەغدا بكات بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوانیان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە