5 کاتژمێر پێش ئێستا
116 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆكایەتییەكانی عێراق بۆ هەرێم: بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی جێبەجێبکە تاوەکو پارەت بۆ بنێردرێت
پەیام
چوار سەرۆكایەتییەكەی عێراق داوا لە حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم دەكەن پابەندی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی بێت تا بەغدایش بتوانێت پارە بۆ مووچە بنێرێت.
هەر یەك لە سەرۆككۆمار، سەرۆكوەزیران، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە بەغدا كۆ بوونەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی فیدڕاڵ لەبارەی كۆبوونەوەكەوە، چوار سەرۆكایەتییەكەی عێراق باسی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیان كردووە و، ئەو ڕێكارانەی حكومەتی فیدڕاڵ خراونەتە بەر باس كە دڵنیایی لە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەدەن.
لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە "لە كۆبوونەوەكەدا داوا لە حكومەتی هەرێم كرا بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق جێبەجێ بكات، بۆ ئەوەی حكومەتی فیدڕاڵ پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج بكات، هەروەها تەواوی كێشەكانی دیكەش لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا چارەسەر بكەن".
بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، دەبێت حكومەتی هەرێم تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە بانكە فیدراڵییەكان بكات، بەڵام تا ئێستا پابەند نەبووە و بەزۆر پرۆژەی هەژماری منی بەسەر مووچەخۆراندا سەپاندووە.
هەر لە كۆبوونەوەی چوار سەرۆكایەتییەكەدا، باسی دەستدرێژییەكانی قەوارەی زایۆنی بۆ سەر ئێران و كاریگەرییەكانی بۆ سەر ناوچەكە، لەگەڵ بەزاندنی سنووری ئاسمانی عێراق كرا، هەر چوار سەرۆكایەتییەكە دووپاتیان كردووەتەوە كە دەبێت سەروەری وڵات بپارێزرێت و ڕێوشوێنی پێویستیش لەو بارەیەوە بگیرێتەبەر.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە