17 کاتژمێر پێش ئێستا
116 جار خوێنراوەتەوە
شەش شاری عێراقی لەنێو لیستی 15 گەرمترین شارەكانی جیهاندان
پەیام
ئەمڕۆ شەش شاری عێراقی لەنێو لیستی 15 گەرمترین شارەكانی جیهاندا بوون كە گەیشتنە ئاستی 50 پلەی گەرما لە نیوەڕۆدا.
لەگەڵ هاتنی چلەی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما لە سەرتاسەری جیهاندا عێراق وەك وڵاتێكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كاریگەرییەكی زۆری كەوتووەتە سەر، بەپێی ئەو داتایانەی كە ناوەندی كالیفۆرنیا بۆ چاودێری كەشوهەوا بڵاوی كردووەتەوە شەش شاری عێراقی بەشێكن لە لیستی ئەو 15 ناوچانە كە لە ڕیزبەندی گەرمترینەكاندان.
لە داتاكە داهاتووە، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەسڕە پلەی گەرماكەی گەیشتووەتە 50 پۆینت پێنج پلەی سیلیزی و گەرمترین ناوچەی عێراق و ناوچەكە بووە و پاش ئەویش هەریەك لە شاری بەسرە بە 49.5 پلە و فاو بە 49.5 پلە و عەمارە بە 49.2 پلە و قەزای عەلی ئەلغەربی لە پارێزگای میسان بە 48.1 پلەی سیلیزی هەن.
لە لیستەكەدا شارە عێراقییەكان لە پلەكانی یەكەم و پێنجەم و شەشەم و دەیەم و 13یەم و 14یەمدا هاتوون و شاری ئومیدیەیش لە ئێران پلەی دووەم و فڕۆكەخانەی كوەیت لە كوەیت لە پلەی سێیەمدا هاتوون گەیشتوون بە 50.3 و 50 پلەی سیلیزی.
لە كۆتایی ڕیزبەندییەكەیشدا شاری بورایمی لە سەڵتەنەتی عومان بەدی دەكرێت كە 48.1 پلەی سیلیزییە و پلەی 15 هەمینی گرتووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە