پێش 2 هەفتە
152 جار خوێنراوەتەوە
ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی دیلە ئیسرائیلییەکانەوە كۆدەبێتەوە
پەیام
كەتیبەكانی قەسسام بە مەرج ئامادەن ڕێ بۆ گەیاندنی خۆراك و دەرمان بۆ دیلەكانی قەوارەی زایۆنی بكەنەوە. سبەینێش ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی دیلەكانەوە كۆدەبێتەوە.
دانی داون، نوێنەری قەوارەی زایۆنی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند: لەسەر داوای ئەوان سبەی ئەنجوومەنی ئاسایش دانیشتنێكی بەپەلە لەبارەی ئەو دیلانەوە ساز دەكات كە لای حەماسن، ڕاشیگەیاند: دوای بینینی ڤیدیۆی ئەو دوو دیلەی كە جەستەیان زۆر لاواز بووە، ئیسرائیل تووشی شۆك بووە.
هەروەها ئەبو عوبەیدە وتەبێژی كەتیبەكانی قەسسام جەختی كردەوە، بە مەبەست دیلە زایۆنییەكان برسی ناكەین، بەڵام ئەوان هەر ئەوە دەخۆن كە خۆمان و گەلی فەڵەستینی دەیخۆین.
لە ڕاگەیەنراوێكی نووسراودا، ئەبو عوبەیدە ڕایشیگەیاند: بە مەرجی كردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی بۆ گەیشتنی خۆراك و دەرمان بۆ گەلەكەمان بەهەمیشەیی، ڕێ بە گەیشتنی خۆراك و دەرمان بۆ دیلەكانیش دەدەین.
وتەبێژی قەسسام بە مەرجیشی دانا لە كاتی ڕادەستكردنی خۆراك و پێداویستی بۆ دیلەكان قەوارەی زایۆنی هێرشە ئاسمانییەكانی ڕابگرێت.
ڕۆژی هەینی، یەكی ئەم مانگە، كەتیبەكانی قەسسام تۆمارێكی ڤیدیۆیی دیلێكی زایۆنیی بڵاو كردەوە كە تێیدا بە جەستەیەكی لاواز و بێهێزەوە دەردەكەوێت و وەك ئاماژەیەك بۆ سیاسەتی گەمارۆ و برسییكردن قەوارەی زایۆنی لە كەرتی غەززە، بە هەر سێ زمانی عەرەبی، ئینگلیزی و عیبری لە ڤیدیۆكەدا نووسراوە "لەوە دەخۆن و دەخۆنەوە كە خۆمان دەیخۆن و دەیخۆینەوە".
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە