16 کاتژمێر پێش ئێستا
191 جار خوێنراوەتەوە
ناوهڕۆكی دواین ئاگربهست كه لایەنە فەڵەستینییەکان ڕەزامەندییان لهسهر دهربڕیوه
لایەنە فەڵەستینییەکان ڕەزامەندییان لەسەر پێشنیازێکی نوێ بۆ ئاگربەست لە کەرتی غەززە بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ لە بەرامبەر ئاڵوگۆڕێکی بهشێكی دیلەکاندا دەربڕیوە، لە کاتێکدا قهوارهی زایۆنی تا ئێستا هەڵوێستی خۆی ڕانەگەیاندووە.
بەگوێرەی میدیا فهلهستینییهكان پێشنیازە نوێیەکە ئاڵوگۆڕی ١٠ دیلی زیندووی قهوارهی زایۆنی و ١٨ تەرم لەخۆدەگرێت لە بەرامبەر ١٧٠٠ دیلی فەڵەستینیدا، کە ٤٥یان سزای هەتاهەتایی و ١٥یان سزای قورسیان هەیە.
لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا، دانوستان لە قاهیرە بەڕێوەچوو و بزووتنەوەی حەماس سوور بوو لەسەر بەشداریکردنی هەموو لایەنەکان بۆ ئەوەی هەڵوێستێکی یەکگرتوو هەبێت و تۆمەتبار نەکرێت بە شکستهێنانی دانوستانەکان و ڕووبەڕووکردنەوەی دانیشتووانی کەرتەکە بە توندوتیژیی سەربازی.
پێشنیازەکە لەگەڵ دەستپێکردنی ئاگربەستەکەدا ئازادکردنی ٨ دیلی زیندووی قهوارهی زایۆنی لەخۆدەگرێت، کە بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ بەردەوام دەبێت و لەو ماوەیەدا گفتوگۆ لەسەر ڕاگرتنی تەواوەتیی شەڕ دەکرێت.
دوو دیلی دیکە لە ڕۆژی ٥٠هەمینی ئاگربەستەکەدا ئازاد دەکرێن و بە هەمان شێوە تەرمی کوژراوە ئیسرائیلییەکانیش بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ رادهست دەکرێن.
لە کۆی ١٧٠٠ دیلی فەڵەستینی کە لە ڕێککەوتنەکەدا ناویان هاتووە، ١٥٠٠ کەسیان خەڵکی غەززەن و لە دوای ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە لەلایەن قهوارهی زایۆنی دەستگیرکراون.
حەماس داوای لە نێوەندگیرەکان کردووە کە پێش وەڵامدانەوەی فەڵەستینییەکان، سەرەتا ڕەزامەندیی قهوارهی زایۆنی بەدەست بهێنن، بەڵام نێوەندگیرەکان بەڵێنیان پێداون کە کاری بۆ دەکەن.
بڕیارە هێزەکانی قهوارهی زایۆنی تا دووریی هەزار مەتر لە سنووری کەرتەکە و تا دووریی ١٢٠٠ مەتر لە ناوچە ئاوەدانییەکان بکشێنەوە، بۆ ئەوەی هاوکارییەکان بە شێوەیەکی پێویست بگەیەنرێنە باکوور و باشووری کەرتەکە، قهوارهی زایۆنی سوور بووە لەسەر مانەوە لە دووریی ١٢٠٠ مەتر لە هەندێک ناوچە وەک بێت حانون و شوجاعییە، کە حەماس بۆ ڕزگارکردنی دانیشتووان لە برسیەتی قبووڵی کردووە.
نێوەندگیرەکان بەڵێنیان داوە کار بکەن بۆ نەگەڕانەوە بۆ شەڕ ئەگەر لە ماوەی ئاگربەستە دوو مانگییەکەدا ڕێککەوتن لەسەر ڕاگرتنی شەڕ نەکرێت، بەڵام ئەم بڕگەیە لە ڕێککەوتنەکەدا نەهاتووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە میدیاكانی ڕاگەیاندووە کە پێشنیازە نوێیەکە باشترین چارەسەرە بۆ دوورخستنەوەی دانیشتووانی کەرتەکە لە توندوتیژیی سەربازی، چونکە شەڕ بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ ڕادەگیرێت و هێزەکانی قهوارهی زایۆنی شوێنی خۆیان دەگۆڕن بۆ ڕێگەدان بە گەیاندنی هاوکارییەکان.
ئیسرائیل نە ڕەزامەندی و نە ڕەتکردنەوەی بۆ ئەم پێشنیازە دەرنەبڕیوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە