24 کاتژمێر پێش ئێستا
118 جار خوێنراوەتەوە
لەسەدا 90ی كەرتی غەززە وێرانکراوە و زیانەكانی 68 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە
پەیام
جەنگی كۆمەڵكوژی و قڕكردنی كەرتی غەززە بەردەوامە،لەماوەى دوو ساڵى ڕابردوودا لەسەدا 90ی كەرتی غەززە بەتەواوى وێرانکراوە و زیانەكانی 68 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
ئەمڕۆ 701 ڕۆژە جەنگی كۆمەڵكوژیی قەوارەی داگیركەری زایۆنی بۆ سەر كەرتی غەززە بەردەوامە، تەنیا لە بەیانیی ئەمڕۆشدا 21 كەس شەهید بوون. كە پێنجیان لەوانە بوون چاوەڕێی وەرگرتنی هاوكاری و یارمەتیی مرۆیی بوون.
لای خۆیەوە وەزارەتی تەندروستی لە كەرتی غەززە داوای لە خەڵك كرد بەپەلە ڕووبكەنە نەخۆشخانەكان و هەڵمەتی خوێن بەخشین بەڕێوەببەن.
وەزارەتەكە ڕاشیگەیاندووە: لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا شەش كەس بەهۆی برسێتییەوە گیانیانلەدەستداوە، كە یەكێكیان منداڵ بووە، بەمجۆرە ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی برسێتی و بەدخۆراكییەوە شەهید بوون گەیشتە 382 كەس كە 135 یان منداڵ بوون.
هاوكات پلانی نوێی سوپای زایۆنی بۆردومان و لەناوبردنی ئەو تەلار و باڵەخانانەیە كە لەغەززە ماونەتەوە، دوێنێ تەلاری "موشتەهی"ی خاپوور كرد و ئەمڕۆش فەرمانی كردووە بە دانیشتووان باڵەخانەی ڕوئیا و خێمەكانی دەوروبەری كە بە تەواوی ناوچەكە چۆڵ بكەن. هەروەها تەلاری سووسی كە باڵەخانەیەكی نیشتەجێبوونە بۆردومان كرد.
لای خۆیەوە نووسینگەی ڕاگەیاندنی حكومەتی غەززە ئاماژەی بەوە دا، جەنگی ئیسڕائیلی بۆ سەر كەرتەكە بووەتە هۆی وێرانكاریی نزیكەی لەسەدا 90 ی تەواوی كەرتی غەززە و زیانەكانی 68 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
ڕاشیگەیاندووە: لە 700 ڕۆژی ڕابردوودا كۆمەڵكوژییە خوێناوییەكان بوونەتە هۆی ئەوەی 73 هەزار و 731 هاوولاتیی فەڵەستینی شەهید و بێسەروشوێن ببن. هاوكات 38 نەخۆشخانە و 833 مزگەوت و 163 زانكۆ و قوتابخانە بە تەواوی خاپوور كراون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە