2 رۆژ پێش ئێستا
126 جار خوێنراوەتەوە
سودانی: عێراق دەتوانێت تا زیاتر لە یەك سەدەی دیكە نەوت بخاتە بازاڕەكانەوە
پەیام
سەرۆكوەزیرانی عێراق نوێترین زانیاریی لەبارەی یەدەگی نەوتەوە ئاشكرا دەكات و دەڵێت: عێراق دەتوانێت تا زیاتر لە یەك سەدەی دیكە نەوت بخاتە بازاڕەكانی جیهانەوە.
لە وتەیەكیدا لە میانی كۆڕبەندی نێودەوڵەتی بەغداد بۆ وزە، كە ئەمینداری گشتیی ڕێكخراوی ئۆپیك و شاندە عەرەبی و بیانییە تایبەتمەندەكان و نوێنەری دامەزراوە نێودەوڵەتی و كۆمپانیا جیهانیەكان ئامادەی بوون، محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: یەدەگی نەوتی خاوی عێراق دەگاتە نزیكەی 150 ملیار بەرمیل، ئەوەیش وڵاتەكە لە لوتكەی ڕیزبەندییەكاندا دەهێڵێتەوە.
سودانی وتیشی: سەرەڕای ئەوەی پشكی عێراق لە هەناردەی نەوت لەگەڵ قەبارەی یەدەگ و توانای بەرهەمهێنان و ژمارەی دانیشتووانەكەی یەكناگرێتەوە، بەڵام دەتوانێت تا زیاتر لە 120 ساڵی دیكە نەوت هەناردەی بازاڕەكانی جیهان بكات.
سودانی لە قسەكانیدا هیوای خواست لە پێویستی ئابووری و گەشەسەندن تێبگەن و ئۆپیك بە پشتبەستن بە توانای ڕاستەقینەی نەوتی وڵاتەكەی، چاو بە پشكی هەناردەی نەوتی عێراقدا بخشێنێتەوە.
بەپێی قسەی سەرۆكوەزیرانی عێراق ساڵی 2030 هەناردەی نەوتی خاو بۆ هەناردەی بەرهەمە نەوتییەكان بە بەهایەكی بەرز و بە ڕێژەی نزیك بە 40%ی كۆی بەرهەم دەگۆڕێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە