11 کاتژمێر پێش ئێستا
123 جار خوێنراوەتەوە
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ژمارەیەك بڕیاری سەبارەت بە هەڵبژاردن دەركرد
پەیام
كۆمیسیــۆنی هەڵبژاردنەكان ڕایگەیاند ئەنجومەنی كۆمسیاران پڕۆژەی هەمواركراوی سیستەمی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەسەند كــــــردووە.
كۆمسیۆن لە بەیاننامەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئەنجومەنی كۆمسیاران بڕیاری داوە بە پەسەندكردنی ئەو بڕگانەی كە لە كۆبوونەوەی لیژنەی یاساییدا بە ژمارە (93) هاتوون، كە بریتی بوون لە تاوتوێكردنی پێشنیارەكانی چوار سەرۆكایەتییەكە، و جێگیركردنی ئەو بڕگانە لە سیستەمی بانگەشەی هەڵبژاردن ژمارە (4)ی ساڵی 2020 .
كۆمیسیۆن ڕایشیگەیاندووە، ئەوە پەسەند كراوە كە ڕێگە نادرێت بەكارهێنانی كاریگەریی فەرمانبەرێتی لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و دەسەڵاتــە خۆجێیەكانەوە بۆ بانگەشەكردن بۆ خۆیان یان بۆ كاندیدێكی دیاریكراو، لەوانەش دەزگا ئەمنیی و سەربازییەكان.
بەپێی بڕیاری نوێی كۆمیسیۆن، پێدانی سوپاس و پێزانین و پێدانی پارچــە زەوی نیشتەجێبوون وەك بەشێك لە بەڵێنە هەڵبژاردنییەكان و هەروەها دەركردنی فەرمانی دامەزراندن لە دامەزراوەكانی دەوڵەت و فەرمانگەكانی و بەكارهێنانی توانای مادی و مرۆیی دەوڵەت بە هەموو جۆرەكانییەوە بۆ مەبەستی هەڵبژاردن قەدەغەیە و بە بەكارهێنانی كاریگەریی فەرمانبەرێتی دادەنرێن لە ماوەی پرۆسەی هەڵبژاردندا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە