1 رۆژ پێش ئێستا
141 جار خوێنراوەتەوە
سبەینێ هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بازاڕەكانی جیهان دەستپێدەكاتەوە
پەیام
پاش دوو ساڵ و شەش مانگ لە ڕاگیرانی، سبەینێ هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بۆرییەوە بۆ بازاڕەكانی جیهان دەست پێ دەكاتەوە، ئەوەش پاش ڕێككەوتنی سێقۆڵیی نێوان حكومەتەكانی هەرێم و عێراق و كۆمپانیاكانی نەوت.
ئێوارەی دوێنێ وەزارەتی نەوتی عێراق ڕێككەوتنی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا بیانییەكان ڕاگەیاند، حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمیش دەڵێت ڕۆژی شەممە نەوتی هەرێمی كوردستان دەگاتە توركیا.
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند: گەیشتووین بە ڕێككەوتنی هەناردە و ڕادەستكردنی هەموو نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لەو كێڵگانەی كەوتوونەتە هەرێمی كوردستان بە كۆمپانیای سۆمۆ، جگە لەو بەشەی بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی بەكاردەهێنرێت.
وەزارەتی نەوت ڕاشیگەیاندووە: كۆمپانیای سۆمۆ نەوتەكە لەڕێی هێڵی عێراق - توركیاوە و لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە بەپێی دەستوور و دەقی یاسای بودجە و بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵێ ڕادەست دەكات.
وەزارەتەكە باسی لەوەش كردووە، ئەم ڕێككەوتنە دوای چەندین مانگ لە هەوڵ و گفتوگۆی چڕ و لە سۆنگەی ڕوانینی هاوبەشی نیشتیمانییەوە هاتووەتە دی و ئامانجییەتی ڕۆڵی عێراق وەك یاریزانێكی سەرەكی لە بازاڕی وزەی جیهانی بەهێز بكات. ڕاشیگەیاندووە، ڕێككەوتنی هەناردەكردنەوەی نەوت داهاتی بودجەی فیدڕاڵی زیاد دەكات و پشتیوانیی دارایی گشتیی دەوڵەت دەكات.
هاوكات وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم ڕایگەیاند: پاش ڕێككەوتنی سێقۆڵیی نێوان هەردوو وەزارەت و كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوتی هەرێم، لە ماوەی 24 كاتژمێری داهاتوودا دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوت دەكرێت.
لای خۆیەوە ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی ماوەبەسەرچووی هەرێم ڕایگەیاند: ڕێككەوتننامەكە لە شەش ماددەی سەرەكی و پێشەكییەك پێك هاتووەو وەزارەتەكانی نەوت و سامانە سروشتییەكان و كۆمپانیا نەوتییەكان واژوویان كردووە و تیایدا ماف و شایستە و پابەندییەكانی هەر سێ لایەنی دەستنیشان كراون.
ئامانج ڕەحیم ڕاشیگەیاند: ڕۆژی شەممە كاتژمێر 6ی سەرلەبەیانی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی كوردستان دەگاتە بەندەری جەیهان لە توركیا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە