15 کاتژمێر پێش ئێستا
84 جار خوێنراوەتەوە
عێراق: هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم بێ تۆماركردنی هیچ گرفتێكى تەکنیکى دەستیپێکردەوە
پەیام
وەزارەتی نەوتی عێراق دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانی بێ كێشە و بە ئاستێكی بەرز ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەنراوێكیدا، وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاوی كردەوە: وەك جێبەجێكردنی ڕاسپاردەكانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق و بە چاودێری و بەدواداچوونی ڕاستەوخۆی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت و جێگری سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری وزە، بە هاوكاری لەگەڵ وەزارەتی سامانەسروشتییەكانی هەرێمی كوردستان هەناردەی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بۆری عێراق ـ توركیا دەستی پێكردووەتەوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایشیگەیاند: دەستپێكردنی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان كاتژمێر شەشی سەرلەبەیانی و بە خێراییەكی بەرز و بێ تۆماركردنی هیچ گرفتێكی تەكنیكی دەستی پێكراوەتەوە.
وەزارەتی نەوت دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستانی بە "ڕەنگدانەوەی هەوڵە هاوبەشەكانی نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی كوردستان بۆ بەدیهێنانی ئەو دەستكەوتە گرنگە" ناو بردووە.
لە كۆتاییدا، وەزارەتی نەوتی عێراق باسی لەوەیش كردووە "ئەم هەنگاوە پێشكەوتنێكی بەرچاوە بەرەو پەرەپێدانی سامانە نیشتیمانییەكان بە ڕۆحی هاوبەش و هەماهەنگی بەرز كە بەشداریی لە گرەنتیكردنی بەردەوامی هەناردەی نەوت و پشتیوانیی ئابووریی وڵات دەبێت".
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە