1 رۆژ پێش ئێستا
106 جار خوێنراوەتەوە
دی ئێن ئۆ: پشكی نەوتی هەرێم هەناردە دەكەین و پشكی خۆمان لە ناوخۆدا دەفرۆشین
پەیام
كۆمپانیای (دی ئێن ئۆ)ـی نەرویجی پێشوازی لە ڕێككەوتی سێقۆڵی بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات، بەڵام ڕایدەگەیەنێت، كە پشكی خۆی لە نەوتی هەرێم لە بازاڕی ناوخۆدا دەفرۆشێت و تەنیا پشكی حكومەتی هەرێم ڕادەستی سۆمۆ دەكات بۆ هەناردەكردنەوە.
كۆمپانیا نەرویجییەكە، كە تاكە كۆمپانیایە ڕێككەوتنە سێقۆڵییەكەی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوتی عێراق و زۆرینەی كۆمپانیا نەوتییەكانی واژوو نەكردووە، دەڵێت "پشكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بلۆكی تاوكێ كە ڕۆژانە 38 هەزار بەرمیل نەوتە، بۆ هەناردەكردن ڕادەست دەكەین، ئەوی دیكەی كە 30 هەزار بەرمیلە و پشكی گرووپی بەڵێندەرە بیانییەكانە، بەردەوام دەبین لە فرۆشتنی بە كڕیارە ناوخۆییەكان".
كۆمپانیاكە راشیگەیاندووە، "بڕیارمانداوە لەم كاتەدا ڕاستەوخۆ بەشدار نەبین لە هەناردەكردندا و بەردەوام دەبین لە فرۆشتنی نەوتەكەمان بە شێوەی مانگانە و پارەی گواستنەوەی نەختینە بە كڕیارەكانمان بە نرخی كەمتر لە 30 دۆلاری ئەمریكی بۆ هەر بەرمیلێك".
كۆمپانیای دی ئێن ئۆ بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای گەنەڵ ئینێرژی وەبەرهێنان لە ناوچەی گرێبەستی تاوكێ دەكەن، كە لە كێڵگە نەوتییەكانی (تاوكێ + فیشخاپوور) پێكدێت، بەر لە هێرشە درۆنییەكان بەرهەمی ڕۆژانەی زیاتر لە 80 هەزار بەرمیل نەوت بوو، بەڵام بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی ئەمڕۆی دی ئێن ئۆ بێت، ئێستا 68 هەزار بەرمیلە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە