6 کاتژمێر پێش ئێستا
91 جار خوێنراوەتەوە
نەتەنیاهوو هەڕەشەی بە ئامانجگرتنی میلیشیا چەكدارەكانی عێراقی كرد
پەیام
ئەمڕۆ سەرۆكوەزیرانی قەوارەی داگیركەری زایۆنی وتارێكی لە كۆبوونەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك پێشكەشكرد و تێیدا هەڕەشەی بە ئامانجگرتنی میلیشیا چەكدارەكانی عێراقی كرد.
نەتەنیاهوو لە وتارەكەیدا، پەلاماردانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها كۆمەڵكوژییەكانی كەرتی غەززەی وەك دەستكەوتی حكومەتەكەی ناوبرد و ڕایگەیاند، بەرپەرچی حوسییەكانی یەمەنمان داوەتەوە و نیوەی سەركردەنمان كوشتوون، هەروەها وتیشی، بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران و، سەركردە سەربازییەكانی و، هەروەها تواناكانی حزبوڵڵامان ئیفلیج كردووە و جارێكی دیكەش ڕێگا نادەین ئێران توانا ئەتۆمییەكانی بەدەستبهێنێتەوە.
سەرۆكوەزیرانی قەوارەی زایۆنی، لە وتارەكەیدا باسی عێراقیشی كرد و ڕایگەیاند، میلیشیا چەكدارە ئێرانییەكانمان لەناو عێراقدا چاوترسێن كردووە و ڕامانگرتوون، ئەگەر سەركردەكانیان هێرش بكەنە سەر ئیسرائیل ئەوە لەناویان دەبەین.
نەتەنیاهوو، وتیشی، بەشێك لە سەركردەكانی حەماسمان كوشتووە، چونكە حەماس لە حەوتی ئۆكتۆبەر گەورەترین هێرشی كردوەتە سەر جوولەكە، لەبارەی دیلەكانیشەوە، وتی، ئەوان ئێستا گوێیان لە منە كە قسە دەكەم، چونكە وتارەكەم لە ڕێگای بڵندگۆوە بە كەرتی غەززەدا بڵاو دەكرێتەوە، ئێمە ئەوانمان لە بیرنەكردووە و هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئازادكردنیان.
نەتەنیاهوو وتیشی، داننان بە دەوڵەتی فەلەستین كە یەك میل لە قودسەوە دوورە، وەك ئەوە وایە دان بە دەوڵەتی ئەلقاعیدەدا بنێی لە دووری یەك میلەوە لە نیویۆرك، بۆیە ئەوە بۆ ئێمە مایەی قبوڵكردن نیە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە