7 کاتژمێر پێش ئێستا
84 جار خوێنراوەتەوە
ئیسرائیل ڕەزامەندی دا لەسەر ڕێككەوتنی كۆتاییهێنان بە جەنگ لە غـ.ەززە
پەیام
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هەینی حكومەتی قەوارەی زایۆنی ڕەزامەندی لەسەر ڕێككەوتنی كۆتاییهێنان بە جەنگی سەر كەرتی غەززە و ئاڵوگۆڕی دیلەكان نیشان دا و بە دەستپێكردنی كشانەوەی قۆناغبەندیی سوپاش ڕێككەوتنەكە چووە بواری جێبەجێكردنەوە.
لەڕاگەیەنراوێكدا، كە لە سەرۆكایەتی وەزیرانی قەوارەی زایۆنییەوە دەرچووە، هاتووە: حكومەت بە سەرۆكایەتی بنیامین نەتەنیاهوو ڕەزامەندی لەسەر ڕێككەوتنی كۆتاییهێنان بە جەنگ لە كەرتی غەززە و گەڕانەوەی تەواوی دیلەكان دەربڕیوە.
بەپێی ئەوەی دەستەی پەخشی زایۆنی بڵاوی كردوەتەوە تەواوی وەزیرانی حكومەتەكە دەنگیان لە بەرژەوەندی ڕێككەوتنەكە داوە جگە لە پێنج وەزیر كە ئیتمار بن غەفیر وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی و بتلئیل سموتریچ وەزیری داراییان تێدایە.
دەستەی پەخشی زایۆنی ڕایشیگەیاند: تەواوی ئەو وەزیرانی ناڕازی بوون سەر بە حزبی هێزی یەهودی و زایۆنییە ئاینییەكان بوون كە لەلایەن بنغەفیر و سمۆتریچەوە سەرۆكایەتی دەكرێن.
كۆبوونەوە حكومەییەكەی قەوارەی زایۆنی كە هەریەك لە ویتكۆف و كوشنەر ماوەی نیو كاتژمێر تێیدا ئامادەی بوون، دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەمنی بچوككراوە (كابینێت) بوو كە دەنگدانی لەسەر ڕێككەوتنەكە تێدا ئەنجام نەدرا.
بەم بڕیارەی قەوارەكە ئاگربەست لە كەرتی غەززە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و سوپاكە كە ئێستا دەستی بە كشانەوەی قۆناغبەندیی كردووە، لە ماوەی 24 كاتژمێردا بۆ هێڵی زەرد دەكشێتەوە، دوای ئەوەیش حەماس لە ماوەی 72 كاتژمێردا دیلەكان دەگێڕێتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە