3 کاتژمێر پێش ئێستا
245 جار خوێنراوەتەوە
کۆتایی ئەم هەفتەیە دەست بە تاقیکردنەوەی مورشیدی ئایینی بۆ حەجى 2026 دەکرێت
پەیام
بەرێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومڕەی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت رۆژى پێنجشەممە 13ى 11ى 2025 دەست بە تاقیکردنەوەی مورشیدی ئایینی بۆ حەجى 2026 دەکرێت، "تاقیکردنەوەکەش لەسەر هەردوو کتێبی (کتاب الحج ) منهاج النووی و (کتاب الحج ) فقه المنهجی دەبێت".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "تاقیکردنەوەکە بۆ هەڵسەنگاندنی مامۆستایانی ئایینییە بۆ مورشیدی حەجی ساڵی 2026 و تاقیکردنەوەی هەموو مامۆستایان لەیەک کاتدا ئەنجام دەدرێت و پرسیارەکانیش بۆ هەموو مامۆستایانی بەشداربوو لە هەموو هەرێمی کوردستان یەک پرسیارە و هیچ جیاوازییەک نییە لەیەک کاتیشدا تاقیکردنەوەکە دەست پێدەکات و کۆتایی پێدێت".
ئەمساڵ بۆ یەکەم جار ناوی حاجیان و مامۆستایانی ئایینی و پزیشکان و کەسوکاری شەهیدان و خاوەن کۆمپانیاکان بە ئۆنلاین تۆمارکرا و بۆ ئەو مەبەستەش زیاترلە 400 مامۆستای ئایینی بە سیستمی ئەلیکترۆنی داواکاری بوون بە مورشیدی ئایینی بۆ پرۆسەی حەجی 2026 یان پێشکەش کردووە و لەو ژمارەیە 40 کەسیان هەڵدەبژێردرێن.
بڕیارە بە شێوەی تاقیکردنەوە مامۆستایانی سەرکەوتوو هەڵبژێردرین و هەر مامۆستایەک کۆنمرەی لە سەدا 75 بهێنێت چانسی دەبێت، کە وەکوو مورشیدی ئایینی حەج بکات و کەمتر لەو کۆنمرەیە بە هیچ شێوەیەک بەشدار نابێت لە کێبڕکێ مورشیدی حەجی 2026.
لەماوەى ڕابردوودا نزیکەى 90 هەزار هاوڵاتى بە شێوەى ئۆنلاین ناویان بۆ حەجى 2026 تۆمارکردووە، کە هێشتا تیروپشک بۆ ناوەکانیان نەکراوە، بریارە لە ناوەڕاستى ئەم مانگەدا تیروپشک ئەنجامبدرێت و لەو ژمارەیە زیاتر لە پێنج هەزار کەسیان هەڵبژێردرێن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە