2 کاتژمێر پێش ئێستا
274 جار خوێنراوەتەوە
سهدر: پشتیوانی هیچ كاندید و لایهنێكمان نهكرد
پهیام
سەركردەی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، موقتەدا سەدر جارێکی دیکە دووبارەی دەکاتەوە کە بەشداری لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا ناکات و جەخت لەوەش دەکاتەوە کە پشتیوانی لە هیچ كاندیدێك نەکردووە.
لە پەیامێکی موقتەدا سەدر کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە، هاتووە: "هەر کەس و یان لایەنێکی سیاسی کە بانگەشەی ئەوە بکات ئێمە پشتیوانی لێ دەکەین لەو هەڵبژاردنەدا، ئەوە ڕاست ناکات".
سەدر ڕاشیگەیاندووە کە، هەر کەسێک کە بڕوا بەو بانگەشانە بکات، یان فریودراوە، یان درزی کردووەتە ناو ئێمە و یان پەیوەندی بە ئێمەوە نییە.
لە کۆتاییدا سەركردەی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، موقتەدا سەدر دووپاتی دەکاتەوە کە ئەوان سوورن لەسەر بایکۆتی هەڵبژاردن و ڕایگەیاندووە: "ئێمە لە گەندەڵییەکانیان، پاشکۆیەتی و یان چەکە نایاساییەکانیاندا هاوبەش نابین، چونکە خۆشەویستی بۆ نیشتمان، بەشێکە لە ئیمان".
ئەمڕۆ سێشەممە، ١١ی تشرینی دووهەم، پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو.
موقتەدا سەدر لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە کۆی پڕۆسەی سیاسی لە عێراقی ڕەتکردووەتەوە و لەم هەڵبژاردنەشدا داوای لە لایەنگرانی کرد کە بایکۆتی پرۆسەکە بکەن و بەشداری تێدا نەکەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە