1 کاتژمێر پێش ئێستا
78 جار خوێنراوەتەوە
ئەعرەجی: هیچ وادەیەكی كۆتایی بۆ كۆكردنەوەی چەك دیارینەكراوە
پەیام
ڕاوێژكاری ئاسایشی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، هیچ وادەیەكی دیاریكراو بۆ پرۆسەی كۆنتڕۆڵكردنی چەك لە دەستی دەوڵەتدا نییە.
لە ڕاگەیەندراوێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكاری ئاسایشی سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەو دەنگۆیانەی ڕەت كردەوە كە باس لە دانانی وادەیەكی دیاریكراو بۆ كارەكانی لیژنەی كۆنتڕۆڵكردنی چەك دەكەن و جەختی كردەوە كە هیچ وادەیەكی كۆتایی بۆ ئەم پرۆسەیە دیارینەكراوە و كارەكانی لیژنەكە بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆكوەزیران بەردەوام دەبێت.
ناوبراو ڕایگەیاند، كاتێك لیژنەكە سەركەوتوو دەبێت لە كۆكردنەوەی تەواوی چەكەكان لە دەستی دەوڵەتدا، ئەوكات هەر كەسێك بە نایاسایی چەكی پێ بێت، وەك كەسێكی دەرەوەی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت.
ئەعرەجی هۆشداری دا كە ڕێكاری یاسایی توند بەرانبەر ئەو كەسانە دەگیرێتە بەر و وەك تیرۆریست مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.
داوایشی لە هاووڵاتییان و میدیاكان كرد تەنها پشت بە سەرچاوە فەرمییەكان ببەستن و دوور بكەونەوە لە بڵاوكردنەوەی دەنگۆكان.
ئەمە دوای ئەوەی كە لە سەر زاری بەرپرسانی بالای عێراقەوە چەندین جار ئاماژە بەوە كرا كە لەگەڵ كۆتا وادەی مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان كە 30ی ئەم مانگەیە، چەكی گروپەكانی دەرەوەی دەسەڵاتی حكومەتیش لای حكومەت كۆ دەكرێتەوە و قۆناغێكی نوێ دەست پێدەكات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە