2 کاتژمێر پێش ئێستا
49 جار خوێنراوەتەوە
ترەمپ چاوەڕوانە سعوودییە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بكاتەوە
پەیام
ماڵپەڕی ئەكسیۆسی ئەمریكی لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریكی بڵاوی كردەوە، ترەمپ چاوەڕێ دەكات ڕیاز هەنگاو بەرەو ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ قەوارەی زایۆنی بنێت.
مانگی ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعوودیە ئەنجام دا و، تیایدا ئاماژەی بە چاوەڕوانییەكانی لە بارەی پەیوەندییەكانی سعوودیە و قەوارەی زایۆنی كرد.
بەپێی زانیارییەكان، لە پەیوەندییەكەدا ترەمپ بە بن سەلمانی ڕاگەیاندووە چاوەڕێ دەكات دوای كۆتاییهاتنی جەنگی سەر غەززە، سعوودیە هەنگاوی كرداری بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ قەوارەی زایۆنی بنێت.
هاوكات بن سەلمان لە وەڵامی بانگەوازی سەرۆكی ئەمریكادا سەبارەت بە پەیوەندییەكان لەگەڵ قەوارەی زایۆنی، ئامادەیی كاركردنی لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ لەم بارەیەوە دەربڕیوە، بەڵام هیچ نەخشەڕێگایەكی كرداری نەخراوەتەڕوو.
هەروەها ماڵپەڕی ئەكسیۆس لە زاری بەرپرسەكانەوە باسی لەوە كردووە، هێشتا بۆشاییەكی گەورە لە نێوان سعوودییەكان و زایۆنییەكاندا هەیە، هاوكات سعوودیە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ قەوارەی زایۆنی مەرجی گرنگی خستووەتەڕوو وەك واژووكردنی ڕێككەوتنێكی گشتگیری ئەمنی لەگەڵ ئەمریكا و داننان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە