1 کاتژمێر پێش ئێستا
139 جار خوێنراوەتەوە
لە هەرێم 87 حاڵەتی تووشبوون بە ئایدز تۆمارکراوە کە 64یان بیانیین
پەیام
وەزارەتی تەندروستی ڕایدەگەیەنێت، ئەمساڵ 87 حاڵەتی تووشبوو بە ئایدزیان لە هەرێمی كوردستان تۆمار كردووە، کە 64یان بیانی و 23 حاڵەتیشیان هاووڵاتییانی ناوخۆیین.
لە ڕۆژی جیهانی ئایدزدا وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، لە ماوەی یازدە مانگی ڕابردوودا، تەنیا لە كەرتی گشتی، نزیكەی 609 هەزار و 306 پشكنین ئەنجامدراوە بەتایبەتی بۆ هەموو ئەو بیانییانەی كە خواستی ئەوەیان هەبووە لە هەرێم نیشتەجێ بن، هەروەها پشكنینەكان بۆ هەموو ئەو بوتڵە خوێنانە كراوە كە بەخشراون.
وەزارەتی تەندروستی ڕاشیگەیاندووە: "لە دەرەنجامی پشكنینەكاندا، تەنیا 87 حاڵەتی نوێی تووشبوو بە ئایدز دەستنیشان كراوە كە تێیدا 64 حاڵەتی بیانی و هاووڵاتییانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانن و 23 حاڵەتیش هاووڵاتییانی ناوخۆیین، هەروەها هەموو حاڵەتەكانی ئێستا و ساڵانی ڕابردووش لەژێر چاودێریی تەندروستی و خۆپارێزیدان كە ژمارەی تێكڕای هەموو ساڵەكان 150 حاڵەتی هەڵگری ڤایرۆسی ئەیدزن و بەردەوام پشكنینیان بۆ دەكرێت".
ئایدز نەخۆشییەكی ڤایرۆسیی درمە واتا لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگوازرێتەوە بەهۆی ڕێگاكانی خوێن یان پەیوەندیی ناشەرعی یان دایك بۆ كۆرپە یان هەر بەركەوتەیەكی ڕاستەوخۆی خوێن و دەردراوەكانی دیكەی كە هەڵگری ڤایرۆسەكە بن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە