1 کاتژمێر پێش ئێستا
155 جار خوێنراوەتەوە
حکومەتی عێراق: ئهوانهی بۆردومانی كۆرمۆریان كرد ناسراون
پهیام
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، سەباح نوعمان ڕایگەیاند ئەو ھێرشەی کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ناحیەی قادرکەرەم سنووری قەزای چەمچەماڵ سەر بە پارێزگای سلێمانی لە ڕۆژھەڵاتی قەزای خورماتوو سەر بە پاریزگای سەڵاحەددین، ئەنجام دراوە و ئاماژەی بەوەشدا، ناوی ئەو کەسانەی کە ھێرشەکەیان ئەنجام داوە، لایان ئاشکرا بووە و بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە.
سەباح نوعمان بە ناوی لێژنەی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر ڕاشیگەیاندووە کە ئەنجامی کارەکانیان لە لایەن سەرۆکوەزیران سوودانی لە کۆبوونەوەیەکدا پەسەند کراوە و هەروەها پێشنیازیان کردووە بۆ پاراستنی کێڵگەکە، وەزارەتی بەرگری بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ کێڵگەکە دابین بکات.
وتەبێژی فەرماندەیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق سەباح نوعمان لە ڕاگەیاندراوێکدا، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە ھێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر'ی بڵاو کردەوە و تیایدا ھاتووە: "لەسەر بنەمای فەرمانی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، محەمەد شیاع سوودانی لە دوای ھێرشە ترسنۆکانەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی کە لە ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ ئەنجامدرا. ئەو لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە ھێرشە تیرۆریستییەکە بە سەرۆکایەتی وەزیری ناوخۆی عێراق، عەبدولئەمیر شممەری و ئەندامێتی ھەریەک لە سەرۆکی دەزگای ھەواڵگری نیشتمانیی عێراق، حەمید شەتری و وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕێبەر ئەحمەد و پاڵپشتی لیژنەی تەکنیکی کە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان و بە کە پێکھاتووە لە نوێنەرانی دەستەی حەشدی شەعبی، دەزگای ھەواڵگریی و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانیی و بەڕێوەبەرایەتی تۆپخانە، بەڕێوەبەرایەتی ھەواڵگریی سەربازی، وبەڕێوەبەرایەتی ئەندازیاری سەربازی، بەڕێوەبەرایەتی تەقەمەنی، بەڕێوەبەرایەتی بەڵگەی تاوان، بەڕێوبەرایەتی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتی بەڵگەی تاوان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێکھێنرا و دواتر دەستیان بە ڵێکۆڵینەوە کرد".
ڕاشیگەیاندووە بە پێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی کە لەلایەن محەمەد شیاع سوودانییەوە پەسەند کراوە، ھێرشەکە بە ڕێگای دوو درۆنەوە، لە ڕۆژھەڵاتی قەزای خورماتوو ئەنجام دراوە.
لە ڕاگەیاندراوەکە هاتووە: "ئەمە ١١ھەمین ھێرش بووە کە کراوەتە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و ئەنجامدەرانی ئەم ھێرشە دەستنیشانکراون، ئەوان کەسانی لە یاسا دەرچوون و ھەندێکیان فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە و لە ئێستادا لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت".
ئەوەشی خستووتەڕوو کە دوای ناسینەوەی ناسنامەی تاوانباران، دەزگا ئەمنییەکان دەستیان کرد بە کۆکردنەوەی بەڵگەی تەکنیکی بەمەبەستی ڕادەستکردنی تاوانباران بە دادگا.
ھەروەھا ڕاشیگەیاندووە کە لیژنەکە، چەند ڕێکارێکی بۆ پاراستنی کێڵگەکە پێشنیاز کردووە، بۆ ئەوەی حکوومەتی فیدراڵی بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جێبەجێی بکات، لەوانە بڵاوکردنەوەی ھێزی ئەمنی لە کەرتی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕۆژھەڵاتی پارێزگای سەڵاحەدین بۆ پڕکردنەوەی ھەر بۆشایییەکی ئەمنی و پاراستنی ھەماھەنگی نێوان دەزگا ئەمنی و ھەواڵگریییەکان.
ئاماژەی بەوەشداوە کە ھەردوو وەزارەتی بەرگریی و ناوخۆ، ھەروەھا ھێزەکانی حەشدی شەعبی ڕاسپێردراون کە فەرماندەکانی ئەو ناوچانە بە فەرماندی لێھاتوو بگۆڕن.
سەباح نوعمان لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ئاماژەی بەوەشداوە کە کەناڵەکانی پەیوەندی ھەواڵگریی لە نێوان دەزگا ھەواڵگرییە فیدراڵییەکان و ھەرێمی کوردستان بەھێز دەکرێن و بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی بەرگریی بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ کێڵگەی غازی کۆرمۆر دابین دەکات، ئەوەیش بە مەبەستی دەستەبەرکردنی پاراستنی کێڵگەکە.
ھەروەھا باسی لەوەش کردووە کە ڕێکاری توند دەگیرێتەبەر لەھەمبەر بەکارھێنان و گواستنەوەی ھەموو جۆرە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان و بەکارھێنان و گواستنەوەی فڕۆکەی فڕۆکەوان تەنھا بە ڕەزامەندی فەرمی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبێت.
ڕاشیگەیاندووە کە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی ئاگادرکراوەتەوە، بۆ ئەوەی لیژنەیەک لەگەڵ دەزگا ئەمنی و ھەواڵگرییەکان بۆ بەدواداچوون بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە، پێکبھێنێت.
لە کۆتاییدا، لێژنەی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کێلگەی غازی کۆرمۆر'ی بە "هێرشی تیرۆریستی" ناو هێناوە و ھاتووە: "کارەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ھێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بەردەوام دەبن، تا سەرجەم ئەو کەسانەی کە تێگوەلان لە ھێرشەکە دەستگیر دەکرێن، چونکە ھێرشەکە سەروەری عێراق و سەرچاوە ئابوورییەکانی کردووتە ئامانج، ئەمەیش کردەیەکی تیرۆریستی ترسناکە و ئامانج لێی دروستکردنی بەربەست و دواخستنی ھەوڵەکانی چەسپاندنی سەقامگیری ئەمنی و ئابوورییە، ھەروەھا ئەنجامدەرانی ھێرشەکە بێ سزا تێپەڕ نابن و ڕێوشوێنی یاسایی توند لەبەرامبەریان دەگیرێتەبەر".
شەوی ٢٦ی مانگی ڕابردوو بە ئاراستەکردنی دڕۆن، ھێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ناحیەی قادر کەرەم سنووری قەزای چەمچەماڵ سەربە پارێزگای سلێمانی و بەھۆیەوە ھەناردەی غاز بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبای ھەرێمی کوردستان ڕاگیرا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە