2 کاتژمێر پێش ئێستا
20 جار خوێنراوەتەوە
بەهۆى نەکشانەى مالیکى، ئەمریكا بیر لە سەپاندنى سزا بەسەر عێراقدا دەکاتەوە
پەیام
لە شاری بەغداد نێردەی ئەمریكا بۆ سووریا لەگەڵ نووری مالیكی كۆبووە و پەرەسەندنە سیاسییەكان و شایستە دەستوورییەكانی عێراقیان تاوتوێ كرد، سەرچاوەیەكیش ئەگەری ڕاگەیاندنی سزای ئەمریكا بەسەر عێراقدا لە هەفتەی داهاتوو ئاشكرا دەكات.
لە كاتێكدا ئەمریكا بە شێوەیەكی ئاشكرا دژایەتیی خۆی بۆ كاندیدكردنی نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی حكومەتی داهاتوو نیشان دەدات، مالیكی لە شاری بەغداد پێشوازی لە تۆم باراك، نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ سوریا كرد، لە دیدارەكەشدا دوایین پەرەسەندنەكانی دیمەنی سیاسی لە عێراق و شایستە دەستوورییەكانی قۆناغی داهاتوویان تاوتوێ كرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی مالیكی ڕایگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەسەر گرنگیی پاڵپشتیكردنی ڕێڕەوی دیموكراسی و بەهێزكردنی سەقامگیریی سیاسی كراوەتەوە، هاوكات جەخت لە پێویستیی ڕێزگرتن لە سەروەریی عێراق و بژاردەكانی گەلەكەی و بەردەوامبوونی هەماهەنگیی نێوان هەردوو وڵات لەو دۆسیانەی جێگەی بایەخی هاوبەشن، كراوەتەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، باراك لەگەڵ دادوەر فایەق زەیدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری كۆبووەوە و باسیان لە ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەری لە پرسی تەواوكردنی شایستە دەستوورییەكان كرد، بەتایبەتی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار و پێكهێنانی حكومەت.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەكان، زەیدان جەختی لە پێویستی پابەندبوون بە وادە دەستوورییەكان كردووەتەوە، لە بەرانبەریشدا باراك ئاماژەی بە گرنگیی ڕۆڵی عێراق لە پشتیوانیكردنی سەقامگیریی ناوچەیی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر داوە.
هاوكات سەرچاوەیەك لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە كەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاندووە كە لە ئەگەری مانەوەی مالیكی وەك كاندیدی سەرۆكوەزیران، ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو واشنتۆن گورزەیەك سزا بەسەر كەس و دامەزراوەكانی عێراقدا ڕادەگەیەنێت كە سەرەتا كەسانی نزیك لە ئێران و پاشان سەركردەكانی چوارچێوەكە بەئامانج دەگرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە