2 کاتژمێر پێش ئێستا
117 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریكا دەترسێت نهێنی تەكنەلۆژیای بۆمبێكی نەتەقیویان لە لوبنان بكەوێتە دەستی ڕووسیا و چین
پەیام
بەرپرسانی ئەمریكا و قەوارەی زایۆنی دەترسن نهێنی ناو بۆمبێكی نەتەقیویان لە لوبنان دزە بكات و بكەوێتە دەستی ڕووسیا یان چین، بۆ ئەو مەبەستەش داوایان لە حكومەتی لوبنان كردووە ئاسانكاری بكات بۆ گەڕاندنەوەی بۆمبەكە بۆ شوێنی خۆی.
ڕۆژنامەی مەعاریفی قەوارەی زایۆنی لە زاری چەند سەرچاوەیەكەوە ئاماژەی بەوە كردووە، بۆمبەكە تەكنەلۆژیای زیرەكی تێدا بەكار هاتووە و لەلایەن كۆمپانیای بۆینگی ئەمریكییەوە دروستكراوە.
بە وتەی ڕۆژنامەكە، ئەم بۆمبە لەلایەن هێزی ئاسمانیی قەوارەی زایۆنییەوە بۆ بە ئامانجگرتنی هەیسەم تەبتەبائی بەرپرسی سەربازیی باڵای حزبوڵڵا بەكار هاتووە، بەڵام لە هێرشەكە ئەم بۆمبە نەتەقیوەتەوە كە لە ناوچەیەكی ژێر دەسەڵاتی حزبوڵڵا لە باشووری بەیروت كەوتووەتە خوارەوە، بەبێ ئەوەی هۆكارەكەی بزانرێت.
ڕۆژنامەكە باسی لەوە كردووە، نەتەقینەوەی ئەم بۆمبە ترسی خستووەتە ناو دڵی بەرپرسانی ئەمریكا و قەوارەی زایۆنی لەوەی، ئەگەر بێتو بكەوێتە دەستی ڕووسیا یان چین، ئەوا لەو تەكنەلۆژیایە دەكۆڵنەوە كە تێیدا بەكار هێنراوە.
ئاماژەی بەوەش كردووە، بۆمبەكە كڵاوەیەكی جەنگی زۆر بەهێزی هەڵگرتووە، هەروەها سیستمی ڕێبەری و جۆرە تەكنەلۆژیایەكی تێدا بەكار هاتووە كە تا ئێستا ڕووسیا و چین نییانە، هەربۆیە كاری لەپێشینەوە ئەمریكا دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی ئەم بۆمبەیە لە ئێستادا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە