1 کاتژمێر پێش ئێستا
49 جار خوێنراوەتەوە
كەنەدا ناوی سووریا و "تەحریر شام"ى لە لیستی تیرۆر دەرهێنا
پەیام
كەنەدا ناوی سووریا و دەستەی "تەحریری شام"ی لە "لیستەكانی تیرۆر" دەرهێنا.
حكومەتی كەنەدا لە بەیاننامەیەكدا ڕوونی كردەوە: ناوی سووریای لە لیستی "وڵاتانی بیانیی پاڵپشتیكاری تیرۆر" لابردووە، هەروەها "دەستەی تەحریری شام"ـی كە سەركردایەتیی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی دەكرد و ڕژێمی بەشار ئەسەدی سەرۆكی لەسەركارلادراوی ڕووخاند، لە لیستی "قەوارە تیرۆریستییەكان" سڕیوەتەوە.
دەشڵێت: ئەم بڕیارە هاوتایە لەگەڵ ئەو بڕیارانەی لەمدواییانەدا لەلایەن هاوپەیمانەكانمانەوە، بەتایبەتی ئەمریكا و بەریتانیا دراون.
ئەوەشی خستەڕوو: ئەم بڕیارە دوای ئەو هەوڵانە دێت، كە حكومەتی سووریا بۆ پتەوكردنی سەقامگیریی و بنیاتنانی ئایندەیەكی گشتگیر و ئارام بۆ هاووڵاتیانی، لەگەڵ كاركردن شانبەشانی هاوبەشە جیهانییەكان بۆ بەهێزكردنی سەقامگیریی ناوچەكە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، دەیدات.
مانگی ڕابردووش، ئەمریكا و بەریتانیا سزاكانیان لەسەر ئەحمەد شەرع، سەرۆكی سووریا هەڵگرت، ئەوەش دوای ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیارێكی هاوشێوەی دەركردبوو.
ئەمریكا، یەكێتی ئەوروپا، بەریتانیا و وڵاتانی دیكە، زۆربەی ئەو سزایانەیان هەڵگرتووە كە بەهۆی كردارەكانی ڕژێمی پێشووەوە بەسەر سووریادا سەپێنرابوون.
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی حكومەتی سووریا خۆشحاڵی بە بڕیارەكە دەربڕی و بە "بەرەوپێشچوونێكی ئەرێنی و زانینی كاریگەری خراپی سزاكان لەسەر گەلی سووریا" ناوی برد.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە