1 کاتژمێر پێش ئێستا
94 جار خوێنراوەتەوە
لە رۆژئاوا بەهۆى داعشەوە ئاهەنگگێڕان لەساڵیادى ڕووخانى ئەسەددا قەدەغەکرا
پەیام
ئەمڕۆ لە سووریا بەهۆی یەكەم ساڵیادی كەوتنی دەسەڵاتی ئەسەدەوە ئاهەنگگێڕانە، بەڵام هەسەدە لە رۆژئاوای كوردستان بەهۆی هەڕەشەی داعش ئاهەنگی قەدەغە كردووە.
ئەمڕۆ 8 ی كانوونی یەكەم، ساڵێك بەسەر ڕووخانی تەواوەتیی ڕژێمی بەشار ئەسەد و حزبی بەعس لە سووریا تێدەپەڕێت، بەو بۆنەیەوە لە دیمەشقی پایتەخت و شارەكانی دیكە ئاهەنگی فەرمی ساز دەكرێت و خەڵك خۆشی دەردەبڕن.
بڕیارە گۆڕەپانی ئومەوییەكان لە دیمەشق ئاهەنگێكی گەورەی تێدا ساز بكرێت و حكومەتیشەوە سەرپەرشتیی ئاهەنگەكە دەكات.
بەڵام لە رۆژئاوای كوردستان، هێزەكانی سووریای دیموكرات "هەسەدە" بڕیاری داوە كۆبوونەوە و ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی سەركەوتنی شۆرشی سووریاوە قەدەغەیە، بەهۆی ئەوەی مەترسیی هێرش و پەلاماری داعش لە ئارادایە.
لەبەرانبەردا قوتەیبە ئیدلیبی، بەڕێوەبەری كاروباری ئەمریكا لە وەزارەتی دەرەوەی سووریا ڕەخنەی لە هەسەدە گرت و ڕایگەیاند: هەركەس ڕێگری لە سوورییەكان بكات ئاهەنگ بگێڕن ئەوە ناتوانێ بانگەشەی دیموكراتی یان نوێنەرایەتیی خەڵك بكات و ئەمە ڕێگرییە لە دەربڕینی دڵخۆشیی ڕەوای خەڵك.
كۆتایی ساڵی 2024 و دوای زیاتر لە 50 ساڵ لە حوكمی خۆسەپێنی و ستەمكاریی بەعس و پاش 13 ساڵ لە خۆپیشاندان و شۆڕش، هێزە ئۆپۆزسیۆن و چەكدارەكانی سووریا دەستبەسەرداگرتنی دیمەشقی پایتەختیان ڕأگەیاند و بەشار ئەسەد بەرەو ڕووسیا هەڵات. ئەمەش وەك ڕۆژی نیشتیمانیی ئەو وڵاتە دیاری كرا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە