2 کاتژمێر پێش ئێستا
243 جار خوێنراوەتەوە
ئێران.. خۆپیشاندانی بەرفراوان دژی گرانی و سەختیی ژیان بەڕێوە دەچێت
پەیام
شەپۆلێكی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەرفراوان لە ئێران دژی گرانی و خراپی ژیان سەریهەڵدا.
شەپۆلێكی نوێی خۆپێشاندان شارە جیاوازەكانی ئێرانی گرتووەتەوە و لە بازاڕە بازرگانییەكانی تارانەوە بۆ زانكۆكان و شارەكانی وەك ئەسفەهان، كرماشان، شیراز، هەمەدان و ئەراك تەشەنەی كردووە.
ئەم خۆپیشاندانە بەرفراوانە كە لە ڕۆژی یەكشەممەوە دەستی پێكردووە، ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە پاشخانی خراپتربوونی تەنگەژەی ئابووری، دابەزینی بەهای تمەن بۆ ئاستێكی پێوانەیی و زیادبوونی فشارەكانی بژێوی بەهۆی هەڵئاوسانەوە.
لەگەڵ دربڕین هەرجۆرە ناڕەزایەتییەك دەربارەی خراپی دۆخی ژیان لە ئێران، خۆپیشاندەران دروشمی توند بەرانبەر دەسەڵاتدارانی ئێران دەڵێنەوە، هێزە ئەمنییەكانیش لەڕێگەی هێزەوە دەیانەوێت خۆپیشاندانەكان كۆتایی پێ بهێنن.
فاتیمە مەقسوودی، وتەبێژی لیژنەی ئابووری پەرلەمان، جەختی لەوە كردەوە كە ناجێگیریی بازاڕ بە پلەی یەكەم بەهۆی كەشوهەوای سیاسی و دەنگۆی شەڕ و لێدوانە نێودەوڵەتییەكانەوەیە.
لە بەرانبەردا، مەسعوود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئێران، وەزیری ناوخۆی ڕاسپاردووە لە ڕێگەی دیالۆگەوە گوێ لە داواكارییە ڕەواكانی خۆپێشاندەران بگرێت.
هاوكات، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆكی پەرلەمان، هۆشداریی دا لە قۆستنەوەی ئەم بارودۆخە بۆ دروستكردنی ئاژاوە.
لەگەڵ بڵاوەی چڕی هێزە ئەمنییەكان لە مەشهەد، دەسەڵاتدارانی ئێران قوتابخانە و بانكەكانی تارانیان بۆ ماوەی ڕۆژێك بە پاساوی ساردی كەشوهەوا و پاراستنی وزە داخست.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە