2 کاتژمێر پێش ئێستا
78 جار خوێنراوەتەوە
هاوپەیمانیی ئاوەدانكردنەوە: سودانی تەنیا كاندیدمانە بۆ سەرۆكایەتیی حكومەت
پەیام
هاوپەیمانیی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان جەخت لە مافی سودانی بۆ وەرگرتنی خولی دووەمی سەرۆكایەتیی حكومەت دەكاتەوە.
هاوپەیمانیی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، جەختی لە مافی خۆی كردەوە بۆ نوێكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكەكەی بە مەبەستی ڕێبەرایەتیكردنی حكومەت لە چوار ساڵی داهاتوودا.
ئاماژەی بەوەش كرد كە كۆبوونەوەكانی نێوان هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەكلاییكردنەوەی دۆسیەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەردەوامن.
عەباس حەیالی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانییەكە ڕایگەیاند، بارودۆخەكە بە ئاراستەی خولی دووەمی سەرۆكایەتی بۆ سوودانی دەڕوات، بەتایبەت دوای ئەوەی هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە هیچ پۆستێكی لە سەرۆكایەتییە نوێیەكەی پەرلەماندا پێ نەدرا، ئەمەش بەو مانایەیە كە كارەكان بەو ئاراستەیەن سەرۆكوەزیران لەم هاوپەیمانییە بێت و تەنیا كاندیدیش بۆ ئەم پۆستە محەمەد شیاع سودانییە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە باس لە دابەشكردنی ناوەندەكانی دەسەڵات دەكرێت لەنێوان هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە هاوپەیمانەكانیان، بە شێوەیەك كە هاوكێشەی سەرۆكایەتی پەرلەمان - سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران - سەرۆكایەتی كۆمار بەپێی هاوسەنگییە نوێیەكان دابڕێژرێتەوە؛
هاوپەیمانییەكەش پێی وایە ئەم دۆخە شەرعییەتی سیاسییان پێ دەدات بۆ داواكردنی مانەوەی سودانی وەك سەرۆكوەزیران لە خولی داهاتوودا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە