1 کاتژمێر پێش ئێستا
32 جار خوێنراوەتەوە
چوارچێوەی هەماهەنگی: ژمارەی كاندیدەكان بۆ پۆستى سەرۆكوەزیران بۆ سێ ناو کەمکراوەتەوە
پەیام
چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر سێ ناو كۆبووەتەوە و هەفتەی داهاتوو كاندیدی سەرۆكوەزیران تاوتوێ دەكات.
عودەی عەبدولهادی، ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی، ڕایگەیاند، هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا كۆبوونەوەیەكی گرنگ ئەنجام دەدەن بۆ تاوتوێكردنی چەند دۆسیەیەك، كە گرنگترینیان ڕێككەوتنە لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی داهاتوو.
عودەی عەبدولهادی وتیشی: لە ئێستادا ژمارەی كاندیدەكان بۆ ئەو پۆستە تەنها بۆ سێ ناو کەمکراوەتەوە، ئاماژەی بەوەش كرد كە بەهۆی بوونی ڕای جیاواز لەنێوان هێزەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، تا ئێستا ناتوانرێت بە دڵنیاییەوە ناسنامەی كاندیدی سەرۆكایەتی حكومەت دەستنیشان بكرێت.
ناوبراو وتیشی: "كۆبوونەوەی داهاتوو ڕەنگە ببێتە هۆی لێكنزیكبوونەوەی دیدگاكان و ڕێككەوتن لەسەر كەسایەتییەكی دیاریكراو، بەڵام لە هەموو بارودۆخێكدا ئەگەری ڕوودانی سوپرایز لە ئارادایە".
ئەمە لەكاتێكدایە مشتومڕەكان لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی سەبارەت بە شێوازی قۆناغی سیاسیی داهاتوو و دابەشكردنی ناوەندەكانی بڕیار لەنێوان هێزە سەرەكییەكاندا چڕبووەتەوە، بەتایبەت كە هاوپەیمانیی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان جەخت لە مافی كاندیدكردنەوەی محەمەد شیاع سودانی بۆ خولی دووەم دەكاتەوە، لە بەرامبەردا چەند ناوێكی دیكە لەناو چوارچێوەكەدا دەخرێنە ڕوو كە هەوڵی گرتنەدەستی سەرۆكایەتی حكومەت دەدەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە