2 کاتژمێر پێش ئێستا
47 جار خوێنراوەتەوە
ئێران جەخت لە وەڵامی یەكلاكەرەوە دژی بژاردەی سەربازی دەكاتەوە
پەیام
مەترسییەكانی هێرشی سەربازی بۆسەر ئێران ڕوو لە زیادبوونە و جێگری نوێنەری وڵاتەكەیش لە نەتەوە یەكگرتووەكان جەخت لە وەڵامی یەكلاكەرەوە دەكاتەوە.
لە وتەیەكیدا كە لە ئەنجوومەنی ئاسایش پێشكەشی كرد، (غوڵامحسێن دەرزی) جێگری نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند، كە وڵاتەكەی هەوڵ بۆ توندبونەوەی ئاڵۆزییەكان نادات و وتەی ئەمریكایشی لە ئەنجوومەنەكە بە هاندانی توندوتیژی ناو هێنا و باسی لەوە كرد، كە نوێنەرانی كۆمەڵگەی مەدەنی نوێنەرایەتی كۆمەڵگەی ئێرانی ناكەن، بەڵكو نوێنەرایەتیی سیاسەتی ئەمریكا و ئیسرائیل دەكەن.
جێگری نوێنەرەكەی ئێران، جەختی لەوەیش كردەوە، كە هەر كارێكی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی دوژمنكارانە دژی ئێران، ڕووبەڕووی وەڵامی یەكلاكەرەوەی گونجاو و یاسایی دەبێت.
دەرزی وتیشی هەڕەشەی سەربازی مەترسی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دروستدەكات و هەموو ئەو تۆمەتانەیشی كە باس لە كوشتنی خۆپیشاندەرانی مەدەنی بە دەستی حكومەت دەكات ڕەتكردەوە و بەهۆكاری سیاسی ناوی بردون.
ڕاشیگەیاند: ڕاستییەكان لەگەڵ ئەو بەڵگانەی كە ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی پێشكەشیان كردووە جیاوازن و یەك ناگرنەوە.
لەبارەی ئینترنێتیشەوە وتی: ئینتەرنێت لە وڵاتەكە بەشێوەیكی كاتی ڕاگیراوە و پێویستییەكی ئەمنییە بۆ ڕێگریكردن لە ئەگەری هێرشی ئەلیكترۆنی بەرفراوان.
لای خۆیەوە میدیای ئەمریكی بڵاوی كردووەتەوە، كە ئەگەری هەیە لە چەندڕۆژی داهاتوودا هێزێكی سەربازی ئەمریكا ئاڕاستەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكرێت، ئەمەیش مەترسییەكان لەسەر بەكارهێنانی بژاردەی سەربازی دژی ئێران زیاد دەكات بەتایبەت كە هیشتا بەرپرسانی واشنتۆن بە ئەگەرێكی كراوەی دەبینن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە