2 کاتژمێر پێش ئێستا
401 جار خوێنراوەتەوە
دەقى ڕێککەوتنە ١٤ خاڵییەکەى نێوان هەسەدە و حکومەتى دیمەشق
پەیام
رێککەوتننامەی ئاگربەست و یەکخستنی تەواوەتی
یەکەم: ئاگربەستێکی دەستبەجێ و گشتگیر لە هەموو
بەرەکانی جەنگ و هێڵەکانی بەریەککەوتن لە نێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا و هێزەکانی
سوریای دیموکرات “هەسەدە” لەگەڵ کشانەوەی سەرجەم پێکهاتە سەربازییەکانی هەسەدە بۆ ڕۆژهەڵاتی
ڕووباری فورات وەک هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ دووبارە بڵاوەپێکردنەوە.
دووەم: ڕادەستکردنی تەواوەتی و دەستبەجێی کارگێڕی
و سەربازیی پارێزگاکانی دێرەزوور و ڕەققە بۆ حکومەتی سوریا. ئەمە گواستنەوەی سەرجەم
دامەزراوە مەدەنییەکان دەگرێتەوە، لەگەڵ دەرچوونی دەستبەجێی مەرسوومەکان بۆ جێگیرکردنی
فەرمانبەرانی ئێستا لە چوارچێوەی وەزارەتە تایبەتمەندەکانی دەوڵەتی سوریا.
سێیەم: یەکخستنی هەموو دامەزراوە مەدەنییەکانی
پارێزگای حەسەکە لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریا و پێکهاتە کارگێڕییەکانی.
چوارەم: حکومەتی سوریا کۆنترۆڵی هەموو دەروازە
سنوورییەکان، کێڵگە نەوتییەکان و کێڵگە گازییەکانی ناوچەکە دەگرێتە دەست، پاراستنیان
لەلایەن هێزە فەرمییەکانەوە مسۆگەر دەکرێت بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەی سەرچاوەکان بۆ
دەوڵەتی سوریا، لەگەڵ ڕەچاوکردنی دۆخی تایبەتی ناوچە کوردییەکان.
پێنجەم: یەکخستنی تەواوەتی هەموو کارمەندە سەربازی
و ئەمنییەکانی هەسەدە لە ناو پێکهاتەکانی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی سوریا لەسەر بنەمای
"تاکەکەسی" دوای ئەنجامدانی پشکنینی ئەمنی پێویست، و پێدانی پلەی سەربازی،
شایستە داراییەکان و پێداویستییە لۆجستییەکان بەپێی ئەوە.
شەشەم: سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات
(هەسەدە) پابەند دەبێت بەوەی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو نەکاتە ناو ڕیزەکانی خۆی، و
لیستێک لەو ئەفسەرانەی پاشماوەی ڕژێمی پێشوون و لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی
سوریان، پێشکەش بکات.
حەوتم: دەرکردنی مەرسوومێکی سەرۆکایەتی بۆ دەستنیشانکردنی
پاڵێوراوێک بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری حەسەکە، وەک گەرەنتییەک بۆ بەشداری سیاسی
و نوێنەرایەتی خۆجێی.
هەشتەم: لابردنی بوونی چەکی سەربازیی قورس لە
شاری عەین ئەلعەرەب (کۆبانێ)، و پێکهێنانی هێزێکی ئەمنی لە دانیشتوانی شارەکە، لەگەڵ
هێشتنەوەی هێزێکی پۆلیسی خۆجێی کە لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سوریا
بێت.
نۆیەم: یەکخستنی ئەو کارگێڕییەی بەرپرسە لە مەلەفی
زیندانیانی داعش و کەمپەکان، هەروەها ئەو هێزانەی بەرپرسن لە پاراستنی ئەم دامەزراوانە،
لەگەڵ حکومەتی سوریا بۆ ئەوەی حکومەت بەرپرسیارێتی تەواوی یاسایی و ئەمنییان بگرێتە
ئەستۆ.
دەهەم: پەسەندکردنی لیستێکی پاڵێوراوان کە لەلایەن
سەرکردایەتی هەسەدەوە پێشکەش دەکرێت بۆ وەرگرتنی پۆستە باڵاکانی سەربازی، ئەمنی و
مەدەنی لە ناو پێکهاتەی ناوەندی دەوڵەتدا بۆ مسۆگەرکردنی شەراکەتی نیشتمانی.
یازدەهەم: پێشوازیکردن لە مەرسوومی سەرۆکایەتی
ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٢٦، کە دان بە مافە کولتووری و زمانییەکانی کورددا دەنێت و چارەسەری
کێشە هەڵپەسێردراوەکانی ماف و مەدەنی دەکات—لەوانە کەسانی بێ ناسنامە (بێ وڵات) و
داواکارییەکانی مافی موڵکداری کە لە دەیەکانی ڕابردووەوە کۆبوونەتەوە.
دوازدەهەم: هەسەدە پابەند دەبێت بە دوورخستنەوەی
هەموو سەرکردە و ئەندامە ناسیۆرییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) بۆ
دەرەوەی سنوورەکانی کۆماری عەرەبی سوریا بۆ مسۆگەرکردنی سەروەری و سەقامگیری ناوچەیی.
سیازدەهەم: دەوڵەتی سوریا پابەند دەبێت بە بەردەوامبوون
لە شەڕی دژی تیرۆر (داعش) وەک ئەندامێکی چالاکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بە هەماهەنگی
لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.
چواردەهەم: کارکردن بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن سەبارەت
بە گەڕانەوەی سەلامەت و شکۆمەندانەی دانیشتوانی ناوچەکانی عەفرین و شێخ مەقسوود بۆ
سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
واژووەکان
فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات: مەزڵوم عەبدی
سەرۆکی کۆماری عەرەبی سوریا: ئەحمەد ئەلشەرع
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە