2 کاتژمێر پێش ئێستا
28 جار خوێنراوەتەوە
ئیسپانیا: ناچینە ناو ئەنجومەنێکەوە کە سەرۆكی ئەمریكا پێكیهێناوە
پەیام
سەرۆكوەزیرانی ئیسپانیا ڕەتی كردەوە وڵاتەكەی بچێتە نێو ئەنجوومەنی ئاشتیی كەرتی غەززەوە كە سەرۆكی ئەمریكا پێكی هێناوە.
لە پەراوێزی بەشداری لە لوتكەی یەكێتیی ئەورووپا، پێدرۆ سانچێز، سەرۆكوەزیرانی ئیسپانیا لەبارەی بانگهێشتی ئەمریكاوە بۆ چوونە نێو ئەنجوومەنی ئاشتی كەرتی غەززە، ڕایگەیاند: ئێمە ڕێز لەو بانگهێشتە دەگرین، بەڵام ڕەتی دەكەینەوە.
سەرۆكوەزیرانی ئیسپانیا ئاماژەی بەوەش داوە "ئەنجوومەنی ئاشتی دەسەڵاتی فەڵەستینیی تێدا نییە"، ڕاشیگەیاند: ئێمە لەپێناو یەكدەنگییدا بڕیارمان داوە نەچینە نێو ئەنجوومەنەكەوە، بڕیارەكەشمان لەگەڵ سیستمی فرەیی و ڕێساكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و یاسای نێودەوڵەتی گونجاوە".
پێشتریش خۆزێ ئەلباریس، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا ڕایگەیاند: گرنگە فەڵەستینییەكان لە چەقی هەر ڕێكخستن و دەستپێشخەرییەكدا بن كە پەیوەستە بە كەرتی غەززەوە.
ئەنجوومەنی ئاشتی سەرەتا بۆ ئاوەدانكردنەوەی غەززە پێكهێنرا، بەڵام ئێستا ئامانجیەتی جێی نەتەوە یەكگرتووەكان بگرێتەوە و وەك سیستمێكی نوێی جیهانی مامەڵە بكات. خودی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكیەتی و تائێستا بانگهێشتنامەی بۆ 60 وڵات ناردووە، لەو وڵاتانەش 22یان كە نۆیان وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیین، ڕازی بوون بچنە نێو ئەنجوومەنەكەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە