2 کاتژمێر پێش ئێستا
48 جار خوێنراوەتەوە
ئێران مووشەكی خوڕەمشەهر لە شارە مووشەكییە ژێرزەمینییەكاندا جێگیردەكات
پەیام
ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێرانی بڵاویكردەوە، كە سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی بۆ یەكەمجار یەكێك لە نوێترین و پێشكەوتووترین مووشەكە بالیستییە دوورمەوداكانی خۆی لەناو شارە مووشەكییە ژێرزەمینییەكاندا جێگیر كردووە.
ئەم هەنگاوە، وەك ئاژانسەكە ئاماژەی پێداوە، ڕەنگدانەوەی بەهێزبوونی توانای سەربازیی ئێرانە لە چوارچێوەی ئەوەی تاران بە عەقیدەی هێرشبەری و بەرگریی چالاك وەسفی دەكات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە، مووشەكی خوڕەمشەهر چوار، كە بە خەیبەریش دەناسرێت، لە كاتی پەردەلادان لەسەر بنكەیەكی نوێی ژێرزەمینیی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران وەك بەشێك لە كەرەستە ئۆپراسیۆنییەكان دەركەوتووە.
جێگیركردنی ئەم مووشەكە لە دامەزراوەیەكی ژێرزەمینیدا، پەیامێكی ستراتیژی و ئۆپراسیۆنیی گرنگی هەیە، بە تایبەت لە كاتێكدا تاران باس لە زیادبوونی هەڕەشەكان بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەی دەكات.
ئەم مووشەكە مەودای دوو هەزار كیلۆمەتر دەبڕێت و كڵاوەیەكی جەنگیی بە كێشی هەزار و 500 كیلۆگرام هەڵدەگرێت.
تایبەتمەندیی سەرەكیی خەیبەر بریتییە لە وردبینیی بەرز و توانای تێپەڕاندنی سیستمە بەرگرییە مووشەكییەكان، هەروەها بەهۆی خێراییە زۆرەكەیەوە كاتی فڕین و گەیشتن بە ئامانج بە شێوەیەكی بەرچاو كەم دەكاتەوە، ئەمەش وەك توخمێكی كاریگەر لە هاوكێشەی بەرپەرچدانەوەی ئێراندا هەژمار دەكرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە