1 کاتژمێر پێش ئێستا
107 جار خوێنراوەتەوە
كۆشكی سپی ئەولەوییەتەكانی دانوستانی مەسقەت دیاری دەكات
پهیام
كۆشكی سپی ئەجێندای كۆبوونەوە و دانوستانەكانی سبهینێی لەگەڵ ئێران لە شاری "مەسقەت"ی پایتەختی عومان ئاشكرا كرد.
وتەبێژی كۆشكی سپی ڕایگەیاند، كە ئیدارەی ئەمریكا لەم قۆناغەدا جەخت لەسەر برەودان بە ڕێگەچارە دیپلۆماسییەكان دەكاتەوە، بەڵام هاوكات هۆشداریی توندیش دەداتە تاران.
لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا، وتەبێژی كۆشكی سپی ڕایگەیاند: "دانوستانەكانی مەسقەت سەرنج دەخەنە سەر هەوڵە دیپلۆماسییەكان بۆ تێپەڕاندنی ئاڵۆزییەكان، بەڵام سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە هەڵوێستەكانی زۆر ڕژدە و چەندین جار جەختی كردووەتەوە كە نابێت بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بدرێت ڕژێمی ئێران ببێتە خاوەنی توانا و چەكی ناوەكی تەواو."
وتەبێژەكە ئاماژەی بەوەش كرد، كە سەرۆك ترەمپ ئارەزووی گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی نوێ و گشتگیر دەكات سەبارەت بە دۆسیەی ئێران، بەڵام لە هەمان كاتدا پەیامێكی توندی ئاراستەی تاران كرد و وتی: "پێویستە ڕژێمی ئێران ئەوە بزانێت كە سەرۆك ترەمپ تەنها بژاردەی دیپلۆماسی لەبەردەست نییە، بەڵکو چەندین بژاردەی تری كاریگەری لەسەر مێزەكە داناوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا."
ئەم لێدوانانە لە كاتێكدایە كە چاوەڕوان دەكرێت سبهینێ خولی نوێی دانوستانەكان لە عومان دەست پێ بكات، بە مەبەستی دۆزینەوەی دەەرچەیەك بۆ ئەو كێشە كۆنانەی كە لە نێوان واشنتۆن و تاراندا هەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە