1 کاتژمێر پێش ئێستا
90 جار خوێنراوەتەوە
زیاترلە پێنج ملیۆن ئاوارەی ئەفغانی بۆ وڵاتەكەیان گەڕاونەتەوە
پەیام
لەدوای گۆڕانی دەسەڵاتەوە زیاتر لە پێنج ملیۆن ئاوارەی ئەفغانی گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەكەیان و نوێنەرى نەتەوە یەكگرتووەكان لە ئەفغانستان دەڵێت، " گەڕانەى ئەو ئاوارانە پێویستیان بە پشتیوانی و هاوکارى نێودەوڵەتی هەیە".
لە میانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە جنێف، عەرەفات جەمال، نوێنەری كۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران لە ئەفغانستان ڕایگەیاند، لە كۆتایی ساڵی 2023ەوە تا ئێستا پێنج ملیۆن و 400 هەزار ئەفغانی گەڕاونەتەوە وڵاتەكەیان. ئاماژەی بەوەش كرد كە ڕێكخراوەكە هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانی نێودەوڵەتی دەدات بۆ چارەسەركردنی ئەو ئاڵنگارییە گەورانەی بەهۆی ئەم گەڕانەوە فراوانەوە دروست بوون.
جەمال ڕوونی كردەوە، گەڕانەوەی ئەم ژمارە زۆرەی ئەفغانییەكان لە وڵاتانی دراوسێوە، زۆرجار بە ناچاری و لە بارودۆخێكی مرۆیی زۆر سەختدا بووە.
ئاشكراشی كرد كە تەنها لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیكەی 150 هەزار كەس لە ئێران و پاكستانەوە گەڕاونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێكی بانكی نێودەوڵەتی كە نوێنەرەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی پێدا، زیادبوونی خێرای ژمارەی دانیشتوان بەهۆی گەڕانەوەی ئاوارەكان، بووەتە هۆی دابەزینی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ هەر تاكێك بە ڕێژەی 4% لە ساڵی 2025دا. ئەم دۆخە مەترسیدارە وا دەخوازێت كە لە ساڵی 2026دا وەبەرهێنان و هاوكارییە مرۆییەكان بە شێوەیەكی بەرچاو زیاد بكرێن.
ناوبراو جەختی كردەوە كە كۆمیسیاریاكە بۆ ساڵی 2026 پێویستی بە 216 ملیۆن دۆلار هەیە بۆ پاڵپشتیكردنی گەڕاوەكان، بەڵام تا ئێستا تەنها 8%ی ئەو بڕە پارەیە دابین كراوە، ئەمەش مەترسییەكان لەسەر داهاتووی ئابووری و مرۆیی وڵاتەكە زیاتر دەكات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە