2 کاتژمێر پێش ئێستا
79 جار خوێنراوەتەوە
ئەمڕۆ لەکوێ ڕەمەزانە
١٠ وڵاتی ئیسلامی کە پێکهاتوون لە (عەرەبستانی سعوودی، قەتەر، ئیمارات، بەحرەین، یەمەن، کوێت، عێراق، لوبنان، فەلەستین و سوودان) ڕایانگەیاند کە ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٨ی شوباتی ٢٠٢٦، یەکەم ڕۆژی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانە. لە بەرامبەردا، هەندێک وڵاتی دیکەی ئیسلامی ڕۆژی پێنجشەممەیان وەک یەکەم ڕۆژی مانگەکە دەستنیشان کردووە.
وردەکاریی ڕاگەیەندراوی وڵاتان:
هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەقفی سوننی عێراقی ئەمڕۆ چوارشەممەیان وەک یەکەم رۆژى مانگى ڕەمەزانی پیرۆز دیاریکرد.
عەرەبستانی سعوودی: ئاژانسی "واس" بڵاویکردەوە کە دادگای باڵا، بەپشت بەستن بە شایەتحاڵی چەند کەسێک کە مانگیان بینیوە، جەختی کردووەتەوە کە سبەی چوارشەممە یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی ساڵی ١٤٤٧ی کۆچییە.
قەتەر و ئیمارات: لیژنەی بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقافی قەتەر و دیوانی سەرۆکایەتی ئیمارات بە فەرمی چوارشەممەیان وەک سەرەتای مانگی ڕەمەزان دیاری کرد.
کوێت و بەحرەین: لە کوێت لیژنەی شەرعی جەختی لە بینینی مانگ کردەوە. لە بەحرەینیش هەرچەندە شایەتحاڵ نەبووە، بەڵام بەهۆی سەلماندنی بینینی مانگ لە سعوودیە، بڕیاردرا چوارشەممە ببێتە یەکەم ڕۆژی ڕۆژووگرتن.
عێراق و فەلەستین: دیوانی وەقفی سوننە لە عێراق و موفتی گشتی قودس لە فەلەستین، بە فەرمی ڕایانگەیاند کە مانگی شەعبان کۆتایی هاتووە و سبەی یەکەم ڕۆژی مانگی پیرۆزە، بەڵام وەقفی شیعی چاوەڕێى فتواى مەرجەعیەتى خۆیانن و لەسەر فتواى ئەوان یەکەم رۆژى رەمەزان دیاری دەکەن.
سوودان و یەمەن: هەریەکە لە کۆمەڵەی فیقهی ئیسلامی لە سوودان و وەزارەتی ئەوقاف لە یەمەن، پشتڕاستیان کردەوە کە بەهۆی بینینی مانگەوە، چوارشەممە یەکەم ڕۆژی ڕەمەزانە.
لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە وڵاتانی دیکەى ئیسلامی پێش خۆراوابوون، یەکەم رۆژى مانگى رەمەزانی پیرۆزیان دیاریکرد، کە بریتی بوون لە "میسر، ئوردن، ئێران، تورکیا، سوریا، لیبیا، عمان، جەزائیر، تونس، ئیندۆنیسیا، برۆنایی و سەنگافورە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە