2 کاتژمێر پێش ئێستا
99 جار خوێنراوەتەوە
عێراق.. لە مانگی ڕەمەزاندا کافتریاکان لە ڕۆژدا دادەخرێن
بە مەبەستی پاراستنی پیرۆزیی ڕەمەزان، تەواوی پارێزگاکانی عێراق بە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ پابەند دەکرێن، کە خۆی لە سزادانی ڕۆژووشکاندنی ئاشکرا، قەدەغەکردنی مەی و داخستنی چێشتخانە و کافتریاکان دەبینێتەوە.
دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان داوای لە تەواوی پارێزگا و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کردووە، کە پابەندی تەواوی ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ بن تایبەت بە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز و جێبەجێی بکەن، ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی پیرۆزیی مانگەکە و ڕێکخستنی چالاکییە گشتییەکان.
بەپێی نووسراوێکی نووسینگەی وەزیری ناوخۆی عێراق، جەخت لەوە کراوەتەوە کە دەبێت ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر ئەو کەسانە بگیرێتەبەر کە بە ئاشکرا ڕۆژوو دەشکێنن و ڕەوانەی دادگا بکرێن، هاوکات بڕیاری داخستنی تەواوەتی شوێنەکانی فرۆشتنی مەشروب و چاودێریکردنی توندیان دراوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕێنماییەکاندا هاتووە، دەبێت سەرجەم چێشتخانە و شوێنەکانی فرۆشتنی خواردن لە کاتی هەڵاتنی خۆرەوە تاوەکو بانگی مەغریب دابخرێن، جگە لەو چێشتخانانەی لەناو کارگەکانن یان هی خوێندکارانن.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، بڕیاردراوە بە داخستنی کافتریا و چایخانەکان لە کاتەکانی ڕۆژدا و قەدەغەکردنی هەر چالاکییەکی هونەری کە لەگەڵ پیرۆزیی مانگەکەدا نەگونجێت، دەسەڵاتەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە هیچ چاوپۆشییەک لە سەرپێچیکاران ناکرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە