1 کاتژمێر پێش ئێستا
175 جار خوێنراوەتەوە
مەترسیدارترین مافیای مەكسیك كە خەڵاتی 10 ملیۆن دۆلار بۆ سەری دانرابوو، کوژرا
پەیام
سەركردەی مەترسیدارترین گرووپی مافیایی و باندی ماددەی هۆشبەری مەكسیك كوژرا، هەوادار و ئەندامەكانیشی دەستیان بە تۆڵەسەندنەوە كردووە و پشێوی لە چەندین شار دروست بووە.
دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی مەكسیك كوژرانی "ئێل مێنچۆ"، سەركردەی مەترسیدارترین باندی ماددەی هۆشبەریان ڕاگەیاند دەستبەجێ دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەكە، ئەندامانی باندەكەی دەستیان كرد بە هێرشی تۆڵەسەندنەوەی بەرفراوان؛ لە چەندین شار ئاگریان لە ئۆتۆمبێل و پاسەكان بەردا و ڕێگە سەرەكییەكانیان بەربەست كرد، كە بووە هۆی دروستبوونی پشێوی و ترسێكی گەورە.
گرژییەكان گەیشتنە ئاستێك كە دەسەڵاتداران ناچار بوون گەشتە ئاسمانییەكان لە فڕۆكەخانەكانی ڕۆژاوای وڵات ڕابگرن، دوای ئەوەی چەكدارەكان تەقەیان بە ئاراستەی فڕۆكەكان كرد و هەڕەشەی خستنەخوارەوەی هەر فڕۆكەیەكیان كرد كە هەوڵی نیشتنەوە یان فڕین بدات.
حكومەتی مەكسیك سوپا و هێزە تایبەتەكانی خستووەتە بەرزترین ئاستی ئامادەباشییەوە و هێزی زیاتری ڕەوانەی شەقامەكان كردووە بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە و پاراستنی هاووڵاتییان لە تۆڵەی چەكدارەكان.
"ئێل مێنچۆ" كە خەڵاتی 10 ملیۆن دۆلار بۆ سەری دانرابوو، داواكراوی یەكەمی ئەمریكا و مەكسیك بوو. ناوبراو پێشتر پۆلیس بووە و دواتر بووە بە دامەزرێنەری توندوتیژترین ڕێكخراوی تاوانكاری لە مێژووی مەكسیكدا.
گرووپەكەی بە بەرپرسیاری سەرەكیی ناردنی هەزاران تۆن ماددەی هۆشبەر بۆ ئەمریكا و ئەورووپا دادەنرێت و چەندین جار هەلیكپۆتەری سەربازییان خستووەتە خوارەوە و بە سەربڕینی نەیارەكانیان ناسراون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە