1 کاتژمێر پێش ئێستا
51 جار خوێنراوەتەوە
پێنتاگۆن دۆسیە نهێنییەكانی تەنە فڕیوەكان و بوونەوەرە ئاسمانییەكانی بڵاو كردەوە
پەیام
وەزارەتی جەنگی ئەمریكا بۆ یەكەمجار زیاتر لە 160 دۆسیەی نهێنی دەربارەی تەنە فڕیوە نەناسراوەكان و بوونەوەرە ئاسمانییەكان بڵاو كردەوە.
لە هەنگاوێكی مێژوویی و كتوپڕدا، وەزارەتی جەنگی ئەمریكا (پێنتاگۆن) كۆمەڵێك دۆسیەی هەستیاری پەیوەست بە تەنە فڕیوە نەناسراوەكان و ژیان لە دەرەوەی زەوی بڵاو كردەوە.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بەرنامەیەكی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكادایە بۆ ئاشكراكردنی دیاردە نائاساییەكان، كە پێشتر بەڵێنی بڵاوكردنەوەی دابوو.
پێنتاگۆن ڕایگەیاند: ئەم زانیارییانە بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆشكی سپی، ناسا، ئێف بی ئای و دەزگا هەواڵگرییەكان كۆكراونەتەوە و لە ڕێگەی سایتێكی تایبەتەوە بەردەست دەخرێن.
بەڵگەنامەكان نووسراوی گفتوگۆی كەشتیوانانی ئاسمانی لەخۆ دەگرن كە تێیدا باس لە بینینی تەنە نامۆكان دەكەن. بۆ نموونە، لە گەشتی "ئەپۆلۆ 12"دا باس لە بینینی "تریفەی ڕووناكی" لە بۆشایی ئاسمان كراوە. هەروەها لە دواین گەشتی مانگ "ئەپۆلۆ 17"، كەشتیوانان ئاماژەیان بە بینینی تەنۆلكەی ڕووناكی گەش كردووە كە لە ئاسۆدا دەسووڕانەوە، وێنەكان سێ خاڵ نیشان دەدەن كە بە شێوەی سێگۆشە لە ئاسمانی مانگدا ڕیز بوون.
پێنتاگۆن بەڵێنی داوە كە لە چەند هەفتەی داهاتوودا، بە شێوەیەكی خولیی بەڵگەنامەی زیاتر لە ژێر پەردەی نهێنی بهێنێتە دەرەوە و بۆ ڕای گشتی بڵاویان بكاتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە