2 کاتژمێر پێش ئێستا
295 جار خوێنراوەتەوە
زنجیرەیەك هێرشی درۆنی و مووشەكی هەولێر و كۆیەی هەژاند و قوربانى لێکەوتەوە
پەیام
زنجیرەیەك هێرش بۆ سەر هەولێر و كۆیە دەستیپێكرد و كوژراو و بریندار لە ڕیزەكانی حیزبەكانی ڕۆژهەڵات و هێزە ئەمنییەكان هەن.
ئەمڕۆ هەینی، لە ئەنجامی زنجیرەیەك هێرشی درۆنی و مووشەكی بۆ سەر كەمپی ئازادیی لە كۆیە، دۆڵی ئاكۆیان و بارەگایەكی ئەمنی لە سنووری هەولێر، دوو پێشمەرگەی سازمانی خەبات گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەك پێشمەرگەی دیكە و دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەكان بریندار بوون.
بەپێی زانیارییەكانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ئەنجامی هێرشەكانی ئەمڕۆدا دوو پێشمەرگەی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران لە سنووری هەولێر كوژراون، هەروەها ژمارەیەك پێشمەرگەی دیكەی سازمانی خەبات و حیزبی دیموكرات بریندار بوون.
ئەمە لە كاتێكدایە، كەمپی ئازادیی تایبەت بە حیزبی دیموكرات لە كۆیە بە پێنج درۆن و دوو مووشەك، و دۆڵی ئاكۆیان بە دوو درۆنی سوپای پاسداران بۆردوومان كران.
لە لایەكی دیكەوە، كاتژمێر 2:00ی پاشنیوەڕۆ، بارەگایەكی هێزە ئەمنییەكان لە سنووری هەولێر بە دوو درۆن و مووشەكێك كرایە ئامانج.
موقەدەم عەبدوڵڵا حەمەڕەشید، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنی هێزەكە، ڕایگەیاند كە بەهۆی هێرشەكەوە دوو ئەندامیان بریندار بوون و زیانی ماددیش بەر بارەگاكە كەوتووە.
لە سەرەتای جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیل بەرامبەر ئێران، هەرێمی كوردستان بە زیاتر لە 294 درۆن و مووشەك بۆردوومان كراوە، كە زۆربەیان بنكە و بارەگاكانی حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیان كردووەتە ئامانج.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە