2 کاتژمێر پێش ئێستا
178 جار خوێنراوەتەوە
دواى مووشەکبارانى بنکەکانیان، ئیتاڵیا هێزەكانی لە هەرێمی كوردستان دەكێشێتەوە
پەیام
دوای هێرشە مووشەكییەكانی سەر هەولێر، ئیتاڵیا بریاری دا هێزەكانی لە هەرێمی كوردستان بكێشێتەوە.
ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتالیا لە پەرلەمانی وڵاتەكەی ڕایگەیاند، حكومەتەكەیان لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ پاراستنی گیانی سەرباز و هاووڵاتییە مەدەنییەكانیان، بۆیە خەریكی ڕێكخستنی گەڕانەوەی سەربازەكانیانن لە هەرێمی كوردستان و ژمارەی فەرمانبەرانی كونسوڵگەرییەكەشیان كەم كردووەتەوە.
بەپێی ئامارەكان، هەفتەی ڕابردوو 102 سەربازی ئیتالی لە هەولێرەوە گواستراونەتەوە كە 75 كەسیان ڕەوانەی ئوردن كراون، لە ئێستاشدا تەنیا 101 سەرباز ماون و ئەوانیش بەمزووانە دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكەیان.
پێشتریش وەزارەتی بەرگریی ئیتالیا پشتڕاستی كردەوە، كە بنكە سەربازییەكەیان لە هەرێمی كوردستان مووشەكباران كراوە، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی و برینداربوونی سەربازەكانی لێ نەكەوتووەتەوە.
ئیتالیا نزیكەی 300 سەربازی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەولێر هەبوو كە ئەركیان مەشق و ڕاهێنان بوو، بەڵام جەنگی ئەم دواییەی سەر ئێران و هێرشە مووشەكییەكان، ڕۆمای ناچار بە كشانەوە كردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە