1 کاتژمێر پێش ئێستا
182 جار خوێنراوەتەوە
دوابەدوای هێرشەكان، هەناردەی نەوتی ئێران لە دوورگەی (خارگ)ـەوە بەردەوامە
پەیام
ئەمریكا چەندین پێگەی سەربازیی لە دوورگەی خارگی ئێران بوردومان كرد، بەڵام زیان بە ژێرخانی نەوت نەگەیشتووە و هەناردەكردنی نەوت بەردەوامە.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا (سێنتكۆم) ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو لە ڕێگەی هێرشێكی ورد و چڕەوە، چەندین پێگەی سەربازییان لە دوورگەی خارگی ئێران كردووەتە ئامانج.
لە هێرشەكەدا زیاتر لە 90 ئامانجی سەربازی، لەوانە كۆگاكانی مینی دەریایی، حەشارگەكانی مووشەك و چەندین بنكەی سەربازی دیكە تێكشكێنراون، بەڵام جەختیان كردەوە كە ژێرخانی نەوتی دوورگەكە هیچ زیانێكی پێ نەگەیشتووە.
لەلایەكی دیكەوە، ماڵپەڕی "تانكەر تراكەرز" بۆ چاودێری كەشتییەكان، دوای چاودێریكردنی دوورگەكە ڕایگەیاند كە سەرجەم كۆگاكانی نەوت سەلامەتن.
ئاماژەی بەوەش كرد، هەر ئەمڕۆ دوو بارهەڵگری ئێرانی دەستیان كردووە بە باركردنی 2.7 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لە دوورگەكەوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە هێرشەكان پرۆسەی باركردنی نەوتیان پەك نەخستووە.
هاوكات، بەرپرسانی خۆجێی ئێران لە پارێزگای بوشەهر پشتڕاستیان كردەوە كە هەناردەكردنی نەوت لە دوورگەی خارگەوە بە شێوەیەكی ئاسایی بەردەوامە. یاریدەدەری پارێزگاری بوشەهر ڕایگەیاند، سەرەڕای هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمریكا، هیچ زیانێكی گیانی لەنێوان سەربازان و هاوڵاتیانی مەدەنیدا تۆمار نەكراوە و بارودۆخەكە لەژێر كۆنترۆڵدایە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە