2 کاتژمێر پێش ئێستا
114 جار خوێنراوەتەوە
تاران مەرجەکانی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە ڕادەگەیەنێت و هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز دەکات
پەیام
بەرپرسێکی باڵای ئێران مەرجەکانی وڵاتەکەی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ واشنتۆن ئاشکرا کرد، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە بژاردەی داخستنی گەرووی هورمز و مینڕێژکردنی هێشتا لەسەر مێزە و چاوەڕێی وەڵامی ئەمریکا بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکان دەکەن.
بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی جەزیرە، پەردەی لەسەر نهێنییەکانی پەیوەندییە ناڕاستەوخۆکانی نێوان تاران و واشنتۆن لادا. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئاڵوگۆڕی پەیامەکان لە ڕێگەی هەریەک لە وڵاتانی میسر و تورکیاوە ئەنجام دراوە و ئامانج لێی نیشاندانی «نیازپاکی» بووە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکان.
ئەم بەرپرسە ئێرانییە ڕەخنەی لە هەڵوێستی ئەمریکا گرت و ڕایگەیاند کە واشنتۆن تا ئێستا ڕەزامەندی لەسەر داواکارییە بنەڕەتییەکانی تاران نیشان نەداوە، بەتایبەت لە پرسەکانی قەرەبووکردنەوەی دارایی و داننان بەو «دەستدرێژییانەی» کراونەتە سەر ئێران.
لە وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەبارەت بە دیاریکردنی کاتی دانوستان، بەرپرسە ئێرانییەکە ڕایگەیاند کە سەرۆکی ئەمریکا هیچ دەسەڵاتێکی نییە بۆ سەپاندنی مەرج یان دیاریکردنی وادەی کۆتایی بۆ دانوستانەکان. ئەمە لە کاتێکدایە کە ترەمپ ڕایگەیاندبوو گفتوگۆیەکی «باش و بونیادنەر» ئەنجام دراوە و فەرمانی بە سوپا کردووە بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ هێرشەکان بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی وزەی ئێران دوابخات؛ بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەتەواوی بوونی هەر جۆرە دانوستانێکی فەرمیی لەگەڵ واشنتۆن ڕەت کردەوە.
لەلایەکی دیکەوە و لەسەر ئاستی سەربازی و مەیدانی، تاران پەیامێکی توندی ئاراستەی کۆشکی سپی کرد و هۆشداری دا کە بژاردەی داخستنی گەرووی هورمز و چاندنی مینە دەریاییەکان وەک کارتێکی فشار هێشتا کارایە. ئەم بەرپرسە باڵایە جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە وەک وەڵامێک بۆ هەر «هەنگاوێکی سەرکێشانەی ئەمریکا» ئامادە کراوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئێران ئامادەیە لە ئەگەری بەردەوامیی هێرشەکاندا پەنا بۆ بژاردە سەختەکان ببات کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بازاڕی وزەی جیهانی دەبێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە