1 کاتژمێر پێش ئێستا
46 جار خوێنراوەتەوە
"لەسەدا 64ى ئەمریكییەكان لە شێوازی مامەڵەكردنی ترەمپ لە جەنگ لەگەڵ ئێران ناڕازین"
پەیام
ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر جەنگی ئێران و ئەمریكا-ئیسرائیل كۆدەبێتەوە و بە گوێرەى ڕاپرسییەکیش، لەسەدا 64ى ئەمریكییەكان لە شێوازی مامەڵەكردنی ترەمپ لە جەنگ لەگەڵ ئێران ناڕازین.
سەرۆكی ئەمریكا هێرشكردنە سەر دامەزراوەكانی وزەی ئێرانی زیاتر دوا خست، ئەنجوومەنی ئاسایشیش كۆبوونەوەیەكی داخراو دەربارەی دۆخی ئێران ئەنجام دەدات.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دواخستنی هێرشی سوپای وڵاتەكەی بۆ سەر دامەزراوەكانی وزەی ئێرانی بۆ 10 ڕۆژی دیكە، واتە تا شەشی مانگی داهاتوو ڕاگەیاند و بانگەشەی ئەوەشی كرد كە ئەو بڕیارەی لەسەر داواكاریی حكوومەتی ئێران داوە، بەڵام تائێستا تاران هیچی لەوبارەوە ڕانەگەیاندووە.
لەلایەكی دیكەەوە، بڕیارە ئەمڕۆ هەینی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كۆبوونەوەیەكی ڕاوێژكاریی داخراو لەبارەی ئێرانەوە ئەنجام بدات. كۆبوونەوەكەش لەسەر داواكاری ڕووسیایە بۆ تاوتوێكردنی هێرشەكانی ئەمریكا و قەوارەی زایۆنی بۆ سەر ژێرخانی مەدەنیی ئێران.
هەر لەسەر ئاستی هەنگاوە سیاسییەكان، وەزیری دەرەوەی میسر لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتاكانی لە پاكستان و توركیا، تاوتوێی هەماهەنگی و هەوڵە نێودەوڵەتییەكانیان بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكان لە ناوچەكە كرد.
لای خۆیەوە ئیسپانیا جارێكی دیكە بەكارهێنانی بنكە ئاسمانییەكانی وڵاتەكەی لەلایەن ئەمریكاوە بۆ لێدانی ئێران ڕەت كردەوە و هۆشدارییشی لە لێكەوتە ئابوورییە كارەساتبارەكانی ئەو ململانێیە دا.
هاوكات ڕاپرسییەكی نوێی تۆڕی فۆكس نیوزی ئەمریكیش دەری خستووە كە 64%ی ئەمریكییەكان لە شێوازی مامەڵەكردنی ترەمپ لە جەنگ لەگەڵ ئێراندا ناڕازین.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە