2 کاتژمێر پێش ئێستا
124 جار خوێنراوەتەوە
ئاماژهی ناڕهزایهتییهكان لهناو ئیدارهی ئهمریكا لهسهر جهنگی سهر ئێران چین؟
پهیام
جەنگی سەر ئێران کە لە سەرەتاى ئەم مانگەوە دەستى پێ کردووە و سەقامگیرى ناوچەکەى خستوەتە لێوارى تەقینەوە، ناڕەزایەتى توندی لە ناو ئیدارەى ئەمریکادا دروستکردووە و لە نوێترین پێشهاتدا متمانەپێکراوترین بەرپرسی نزیک لە سەرۆکى ئەمریکا دەستى لەکار کێشایەوە و رایگەیاند "ئیسرائیل ئەمریکاى پەلکێشى ئەم جەنگە کردووە".
جۆ کێنت، بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتمانیی دژە تیرۆری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە یەکێک بوو لە بەرپرسە باڵاکانى نزیک لە دوناڵد تڕەمپ، سەرۆکى ئەمریکا دەستى لەکاکێشایەوەو لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەیدا دەڵێت "ویژدانی ڕێگەی پێنادات پشتگیری لە شەڕێک بکات کە بە بڕوای ئەو هیچ هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر ئەمریکا دروست ناکات" چاودێرانی سیاسەتى دەروەى ئەمریکا دەڵێن، دەستلەکارکێشانەوە دراماتیکییەکەی جۆ کێنت، بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتمانیی دژە تیرۆری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گوزارشت لە درزێکی قووڵ و بێپێشینە لە ناو جەرگەی دامەزراوە هەواڵگری و سیاسییەکانی واشنتن دەکات سەبارەت بە هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئێران.
ئەم هەنگاوەی کێنت کە پاڵپشت بە ئەزموونێکی ٢٠ ساڵەی سەربازی و هەواڵگری لە CIA و بەشداری لە ١١ خولی جەنگدا نراوە، ڕەخنەیەکی قووڵە لەو نەخشەڕێگا سیاسییەی کە ئیدارەی دووەمی ترەمپ و حکومەتی ئیسرائیل بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دایانڕشتووە و لەمیانەیدا جەنگی سەر ئێرانی هەڵگیرساندووە.
کێنت بە ڕاشکاوی لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ویژدانی ڕێگەی پێنادات پشتگیری لە شەڕێک بکات کە بە بڕوای ئەو هیچ هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر ئەمریکا دروست ناکات، بەڵکو دەرەنجامی گوشاری لۆبییە بەهێزەکانی ئیسرائیلە بۆ پەلکێشکردنی واشنتن بۆ ناو ململانێیەکی نوێ لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا کە کۆتاییەکەى دیار نیە.
ئەو هەنگاوەى بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتمانیی دژە تیرۆری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە لەسەر بنەماى خوێندنەوەى زانیارییە بڵاونەکراوەکان نراوە وهەنگاوێکى وشیارانە بووە، چونکە خۆى ئەزمونێکى درێژى لە دەزگاى هەواڵگرى ئەمریکا هەبووە و بەرپرسى هێزێکى نوخبەى ئەمریکا بووە، دەستلەکارکێشانەوەشى بەر مەبناى خوێندنەوەى زانیارییە هەواڵگرییەکان و دیویى دووەمی پێشهاتەکان بووە کە ناگەنە میدیاکان.
کێنت بە بیرهێنانەوەی کارەساتی شەڕی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بەوەی هەمان تاقیکردنەوەی چەواشەکاری زانیارییەکان دووبارە دەکاتەوە بۆ ڕاکێشانی ئەمریکا بۆ ناو شەڕێک کە خوێنی هەزاران سەربازی ئەمریکی تێدا دەڕژێت، ڕێک وەک ئەوەی کێنت ئاماژەی بە مەرگی هاوسەری یەکەمی، شانۆن کردووە لە سووریا، کە ئەویشی بە بەشێک لەو نەخشەسازییە ناوبردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە جێگری پێشووی سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، عیران عەتسیۆن، لێدوانی لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی جۆ کێنت، بەڕێوەبەری "ناوەندی نیشتمانی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" دا و نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی بە "بوومەلەرزەیەکی گەورە" وەسف کردووە و رایگەیاندووە، ئەم بوومەلەرزەیە پەردە لەسەر چەواشەکارییەکانی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەرامبەر بە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا لادەبات. هەروەها هۆشداریشی دا کە وڵاتەکەی بەهۆی جەنگ لە دژی ئێران، بەرەو داڕمان و پشێوی هەنگاو دەنێت.
عەتسیۆن لە لێدوانەکانیدا وتی: "ئەو نامەیەی کێنت بۆ دەستلەکارکێشانەوە پێشکەشی کردووە، ڕەخنەی زۆر توند لە حکومەتی ئیسرائیل دەگرێت؛ ئاماژە بەوە دەکات کە نەتانیاهۆ ترامپی چەواشە کردووە، هەروەها سەرکردایەتی ئیسرائیل و لۆبی لایەنگری لە واشنتۆن تۆمەتبار دەکات بەوەی فێڵێکی مەترسیدار و بەردەوامیان ئەنجام داوە، نەک تەنها لە جەنگی ئێستادا، بەڵکو لە ماوەی چەندین دەیەی ڕابردوودا و لە سەردەمی جەنگی کەنداوەوە. " لێرەوە دەستلەکارکێشانەوەی کێنت کە کەسایەتییەکی جێگیر بوو لە ئیدارەکەدا، ئیدارەی ترەمپ دەخاتە ژێر فشارێکی توندەوە؛ چونکە ئێستا تەنها ڕووبەڕووی ڕەخنەی سیاسیی دیموکراتەکان و شەقامی ئەمریکی نییە، بەڵکو ڕووبەڕووی یاخیبوونی ویژدانیی ناو دامەزراوە هەواڵگرییە باڵاکانی خۆیەتی کە پێیان وایە پاساوەکانی ئەم جەنگە لەسەر زانیاریی ناڕاست و چەواشەکارییەکانى ئیسرائیل بونیاد نراون و مەترسی گەورە بۆ سەر سەقامگیری نێودەوڵەتی دروست دەکەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە